رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "شیعە و سوننە رێگەیان نەدا بڕگەی پاشەکەوتی مووچە لە پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر بکرێت. لە پەرلەمانی عێراق شەڕە لەقە و پەلاماردان روویدا و پێویستە کورد لەو رووداوانەوە بزانێت کە هیچ دۆستێکی نییە".
بەیانی رۆژی دووشەممە 12-06-2023 پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد و پێشنیازەکانى گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى رەتکردەوە.
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێشنیازی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 12-06-2023، بە تۆڕی میدیای رووداوی رایگەیاند، "پێشنیازمان کردبوو لە پارەی زیادەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێتەوە، بەڵام سوننە و شیعە دژی ئەوە بوون".
بە گوتەی سۆران عومەر، گرژی لەنێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق روویدا و بووە "شەڕە لەقە و پەلاماردان"، دەشڵێت " مرۆڤ شەرمی دەکرد لەو دۆخەدا گفتوگۆی لەبارەی یاسای بودجە دەکرد و تێپەڕێندرا. دۆخەکە تێکچوو لەو کاتەشدا دوو بابەت خرانەڕوو کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو. یەکەم گواستنەوەی 17 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری کەرکووک و دەوروبەری بوو کە سوننەکان دژی بوون و بە پێوە چوونە سەر مێزەکان و هەر رێگەیان نەدا دەقەکە بخوێندرێتەوە و گوتیان قبووڵی ناکەین".
لەبارەی بڕگەی دووەمی تایبەت بە کوردستان کە گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، سۆران عومەر گوتی، "بابەتی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر ئەوەندەی خوێندرایەوە و باسی ئەوە کرا کە لە پارەی زیادەی نەوتی خۆمان پاشەکەوت بدرێتەوە، نەیانهێشت دەقەکە بخوێنرێتەوە. سەرۆک فراکسیۆنەکانی شیعە لەو بابەتە زۆر تووندبوون و بەشێوەیەکی ناشیرین رەتیان کردەوە؛ دواتر محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان دەقەکەی خوێندەوە، بەڵام دەنگی نەهێنا و تەنیا کوردەکان دەنگیان پێ دا. شیعە و سوننەکان هەموویان رەتیانکردەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پێویستە هەرێمی کوردستان باش بزانێت ئەوانەی کە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ دەکەن کە بابەتەکە دێتە سەر مافەکانی هەرێمی کوردستان، بەوشێوەیە مامەڵە دەکەن و دەم لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە. هیچ دۆستێکمان نییە و درۆ دەکەن؛ ئەوەی ئەم بەیانییە روویدا و ئەوەی کردیان، شۆڤێنێتییەکی زۆر ناشیرین بەرامبەر مافی خەڵک بوو کە لەسەر پارەی زیادی نەوتی خۆمانە."
لەساڵی 2014 حکومەتی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دوای ئەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش بووەوە کە خەرجییە سەربازییەکانی زۆر هەڵکشاند؛ بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ پاشکەوتکردنی مووچە و لێبڕینی مووچە برد کە بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بڕەکەی لەنێوان 15 بۆ 18 تریلیۆن دینار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ