31 هەزار فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون؛ پارەکەی بۆ کوردستان نییە

11-07-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن فڕۆکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند لە دوو مانگی رابردوودا، زیاتر لە 31 هەزار فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون، بەمەش داهاتی عێراق لە کرێی بەکارهێنانی ئاسمانەکەی لەو دوو مانگەدا، زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلارە.
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی دووشەممە 10-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا ئامارێکی لەبارەی ئەو فڕۆکانە بڵاوکردەوە، کە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی رابردوودا بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون.
 
بەپێی ئامارەکە، لە مانگی ئایاردا 14 هەزار و 894 فڕۆکە ئاسمانی عێراقیان بەکارهێناوە، ئەوانەشی لە ئاسمانی عێراق نزیک بوونەتەوە ژمارەیان گەیشتووەتە 3 هەزار و 896 فڕۆکە. لە مانگی حوزەیرانیشدا 16 هەزار و 340 فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون و، 4 هەزار و 210 فڕۆکەش لە ئاسمانی عێراق نزیکبوونەتەوە. 
 
حوسێن شبلی، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندبوو، کرێی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانی عێراق 450 دۆلارە؛ بەو پێیەش داهاتی ئەو دوو مانگەی عێراق لە بەکارهێنانی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەکانەوە، 14 ملیۆن و 55 هەزار و 300 دۆلار بووە. 
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە تێپەڕبوونی ئەو فڕۆکانە کە بەشێکی زۆریان ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن. کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە (10-07-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق پێیوایە ئاسمان بابەتێکی سیادییە و یەک ئاسمانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە داهاتی کرێی تێپەڕبوونی ئەو فڕۆکانە بە ئاسمانی هەرێمی کوردستان هیچی بۆ هەرێمی کوردستان نییە".
 
کاروان یاروەیس هەروەها گوتی، هەرچەندە هەموو  داهاتەکە "بۆ حکومەتی فیدراڵی دەگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک ئاسمانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هەڕەشە و پێشێلکاری دەبێتەوە، بەغدا هیچ هەنگاو و هەڵوێستێکی جیدیی نابێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە