فراکسیۆنەکانی سوننە و کورد بەشداری دانیشتنی پەرلەمانیان لەبارەی هێرشەکانی سەر عێراق نەکرد

10-02-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی دەستدرێژییەکانی سەر خاکی عێراق دەستیپێکرد و ئامادەبووان لە فراکسیۆنە شیعییەکان بوون جگە لە دوو پەرلەمانتاری کورد و یەک پەرلەمانتاری سوننە.
 
رۆژی شەممە، 10-02-2024، زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانە و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە موسەننا ئەمین و سۆران عومەر هیچ کەسێکی دیکەیان ئامادەنین و سوننەکانیش تەنیا یەک پەرلەمانتاریان بەشداریکردووە.  
 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، مەندەلاوی داوایەکی ئاراستەی لیژنەکانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری کردووە کە واژۆی زیاتر لە 100 نوێنەری لەسەرە سەبارەت بە یاسایەکی پێشنیازکراو بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، رێککەوتوون کە پێکەوە بەشداری ئەم دانیشتنەی پەرلەمان نەکەن.
 
بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر خاکی عێراق، 160 واژۆ کرابوو کە زۆرترینیان شیعەکان و بەشێکی کەمی سوننەکان بوون، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆ کەمتر لە 100 پەرلەمانتار ئامادەبووە. 
 
رۆژی 08ـی ئەم مانگە، عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە تاوتوێی هێرشەکانی ئەمریکا دەکات، بەتایبەت سێ هێرشی ئەمدواییە کە نزیکەی 20 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان تێدا کوژراوە، ئەوەی روودەدات پێشێلکارییەکی روونە و دەبێت سنوورێک بۆ ئەمریکا دابنرێت، ئەگەر نا هێرشەکانی بەردەوام دەبن."
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە، واتە دوای 10 رۆژ لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 169 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە لە عێراق کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردوو بەهێزترین بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.
 
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کە فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقی بوو لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی ئەرکان عەلیاوی کە بەرپرسی هەواڵگریی حیزبوڵایە کوژران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024 بە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا لە بەغدا سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەبو تەقوا بوو کە فەرماندەی لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە