رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی یەکشەممە پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 15 پارێزگا جگە لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. هاوکات داوا دەکات ئەوانەی کارتی بایۆمەتریان نییە سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ دەرکردنی کاتی بایۆمەتری، چونکە بەبێ ئەوە ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن.
رۆژی شەممە 08-07-2023 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "سبەی کۆمیسیۆن لە 15 پارێزگا پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات، کە بنەمای پڕۆسەی هەڵبژاردنە بۆ دەستەبەرکردنی مافی دەنگدانی عێراقییەکان." دەشڵێت: "کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان قۆناخی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکاتەوە بۆ تۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتای دەنگدەران، بۆ ئەوەی بگاتە تۆمارێکی تۆکمە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان."
بەگوتەی جومانە غەلای، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رێگەی ستافی تەکنیکی تایبەتمەندەوە لە بەشی ئۆپەراسیۆن و تەکنەلۆژیای زانیاری، دەستیکردووە بە نوێکردنەوەی داتای تۆمارکردنی بایۆمەتری بەشێوەیەک کارمەندانی کۆمسیۆن لە رۆژانی پشووشدا کاردەکەن بۆ تەواوکردن و راپەڕاندنی کارەکان."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی بایۆمەتری، زیادکردن و سڕینەوە، گواستنەوە لە خۆدەگرێت، هەروەها زیادکردنی ئەو کەسانەی کە لە دایکبووی 2005ـن کە ئێستا 18 ساڵن و گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوە جگە لە زیادکردنی ناوی لە دایکبووانی 2004 و 2003."
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن رایگەیاند، ئەو دەنگدەرانەی پێشتر ناویان تۆمار نەکردووە و کارتی کورتخایەنیان هەیە، دەبێت سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ نوێکردنەوەی داتاکانیان و دەرکردنی کارتی بایۆمەتری، چونکە بەگوێرەی یاسای هەموارکراوی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەر کەسێک کارتی بایۆمەتری نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات."
رۆژی 20-03-2023 پەرلەمانی عێراق 6ى تشرینى دووەمى 2023ى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسندکرد. دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ساڵى 2013 بوو، بەر لەوەى بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق لە ساڵی 2019 کاریان سڕ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ