رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوو سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمار کراون.
تاوەکو ئێستا دادگەکە چەند جارێک لەبارەی ئەو سکاڵایانە کۆبووەتەوە، بەڵام هەموو جارێک بڕیاری دواخستووە. دوایینجار رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بوو.
سکاڵای یەکەم لەلایەن زیاد جەبار تۆمار کراوە و تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، ئەمانەن:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لە 30% کەمتر نەبێت.
سکاڵای دووەم لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوونەوە تۆمار کراوە. لە سکاڵاکاندا داوا کراوە مادەی 36ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو بە نادەستووری بزانرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی "کلدان، ئاشوورییەکان، تورکمان و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان." هەروەها داوا کراوە مادەی 9ی هەمان یاسا بە نادەستووری بزانێت، کە "هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی هەڵبژاردن" دەزانێت و دابەش دەبێت بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.
1ى تشرینى یەکەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق داواى لە نوێنەرى یاسای پەرلەمانى کوردستان کرد وەڵامى پرسیارێکیان بدەنەوە، کە تایبەت بووە بەوەی پێش ساڵى 2004 شێوازى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چۆن بووە. تیمى پارێزەرانى پەرلەمانى کوردستانیش وەڵامى خۆیان رادەستى دادگە کرد.
پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2005، یەک هەڵبژاردن کرا کە لە ساڵى 1992 بوو. لە ساڵى 2004 یاساکە هەموار کرا و مادەى نۆى لادرا، کە باسی لەوە دەکرد، "هەرێمى کوردستان لە چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن پێکبێت بە مەرجێک لە چوار ناوچە تێنەپەڕێت و کرایە یەک بازنەى هەڵبژاردن."
بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە بە سەرپەرشتى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ