رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی کڕینی گازیان لە تورکمانستان تەواوکردووە و چاوەڕێی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی دەکەن.
بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و هاوردەکردنی گاز، رۆژی 19-10-2024، بە فەرمی عێراق رێککەوتنی لەگەڵ تورکمانستان واژۆ کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رۆژانە عێراق 20 ملیۆن مەترسێجا گازی تورکمانستان لە رێگەی ئێرانەوە هاوردە دەکات.
ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، یەکشەممە 05-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی کارەبا بۆ کڕینی گازی تورکمانستان هەموو رێکارەکانی تەواوکردووە، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکات بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دیکە".
تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، گفتوگۆ هەیە لەبارەی دیاریکردنی کۆمپانیای نێوەندگیر، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بکرێت کە گازەکە بەبێ پچڕان دەگاتە عێراق.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکرێت کە عێراق دوو ملیۆن دۆلاری داوەتە تورکمانستان، بەڵام ئەحمەد مووسا عەبادی گوتی: "هیچ بڕە پارەیەک نەدراوە".
بڕیارە کۆمپانیای لۆکستۆن ئینێرجی سویسری گازەکە لە تورکمانستانەوە لە رێگەی بۆریی ئێرانەوە بگەیێنێتە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ