رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی عێراق رایدەگەیێنێت، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی نابن، لەبارەی رسوومات و گومرگەوە.
حەسەن عگێلی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، دووشەممە، 06-01-2025، بە میدیای فەرمی عێراقی گوت، بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە دەستەی گشتی گومرگی فیدراڵی. لە رووی کارگێڕییەوە بە دەستەی گشتیی گومرگ نەبەستراوەتەوە، بەڵکو لە ژێر سەرپەرشتی و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات.
عگێلی ئاماژەی بەوەدا گومرگەکانی هەرێمی کوردستان کار بە یاسای گومرگەکانی ژمارە 83ی ساڵی 1984 دەکەن. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2019ی دەرکرد، کە رێکار و پێناسەی گومرگی یەکخست.
عگێلی پێیوایە، کرۆکی جیاوازییەکە بریتییە لە قەبارەی رسوومات، یاخود ئەو بڕە پارەی کە لە دەروازە سنوورییەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە بازرگانەکان وەردەگیرێت.
بەڕێوەبەری گومرگی عێراق دەڵێت: "گومرگی هەرێمی کوردستان پابەند نییە بەو بڕیارانەی، کە لە حکومەتی فیدراڵی دەردەچن لەبارەی پاراستنی بەرهەم و قەدەخەکردنی هەندێک کاڵا. ئەوەش جیاوازی دروست دەکات، نەک لە ئاستی خزمەت، یاخود ئاسانکاریی رێکارەکان، بەڵکو جیاوازی لەو بڕە پارە دەبێت، کە بازرگانەکان دەیدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ