رووداو دیجیتاڵ
وادەى کارکردنى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆتایی هات، بەگوتەى چەند پەرلەمانتارێک دەبێت کۆمیسیۆنێکى نوێ لە ماوەى دوو مانگدا هەڵبژێردرێت، هەرچەندە ئەوە بە "ئەستەم" دەزانرێت بۆ ئەوەى ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان بکات، کە لانیکەم پێویستیان بە شەش مانگە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ى کانوونى دووەمى 2025، تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنی باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کۆتایی هات، پاش ئەوەى نەتوانرا وادەکەیان بۆ درێژ بکرێتەوە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دەبێت کۆمیسیۆنێکى نوێ هەڵبژێردرێت، لە مەودوا ئەندامانى ئەنجوومەن ناتوانن بڕیار لەسەر پرسە گەورەکان بدەن".
22ـی ئایارى 2024 پەرلەمانى عێراق بۆ دووەمجار تەمەنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنەکەى بۆ شەش مانگ درێژکردەوە تاوەکو بتوانن سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن، کە لە 20ى تشرینى یەکەمى 2024 کرا.
لە دواى تەواوبوونى ماوەى درێژکراوەى کۆمیسیۆن، لەرووى یاساییەوە تواناى درێژکردنەوى وادەکەیان نەماوە، چارەسەرەکانى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە سنووردارە کە بریتین لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنێکى نوێ، یان دەنگدانەوە بە ئەنجوومەنى ئێستا لە پەرلەمان، یان بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەى ماوەکەیان لەلایەن ئەنجوومەنى دادوەریی عێراقەوە.
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بە رووداوى گوت: "بەر لە تەواوبوونى تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆن پێشنیازێک هەبوو کە سەرجەمیان دەستلەکاربکێشنەوە و خۆیان بەربژێر بکەنەوە بۆ ئەوەى پەرلەمان دەنگیان لە سەربداتەوە، بەڵام لەسەر ئەو پرسەر رێککەوتن نەکرا."
ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 9 ئەندام پێکدێت، ماوەى کارکردنیان چوار ساڵە، دەسەڵاتى دەرکردنى بڕیار، پەسندکردنى رێنمایی، رێکارەکانى هەڵبژاردن و ئەو سکاڵایانەیان هەیە کە رێگەپێدراوى یاسایی پارتە سیاسییەکان تۆماریان دەکەن.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، هەندێک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران تەمەنیان لە خانەشینبوون نزیکە و هەندێکى دیکەیان ویستیان نییە بۆ ماوەى چوار ساڵى دیکە ئەندامى ئەنجوومەن بن.
سۆران عومەر گوتى: "رێککەوتن لەسەر ئەنجوومەنێکى نوێ بۆ کۆمیسیۆن ئەستەم دەبێت هاوشێوەى کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ کە سێ ساڵە رێککەوتنى لەسەر نەکراوە، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق نزیکە و دەبێت لە ماوەى دوو مانگى داهاتوودا پرسى کۆمیسیۆن یەکلا بکرێتەوە".
رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەسەر بنەماى 45 رۆژ بەر لە یەکەم دانیشتنى ئەم خولەى پەرلەمان دیاری دەکرێت، ئەو دانیشتنە لە 9ـی کانوونى دووەمى 2022 کرا، بەو پێیە دەبێت هەڵبژاردنى پەرلەمان بکەوێتە کۆتایی مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوى گوت: "وەک ستانداردى جیهانى پێویستمان بە شەش مانگ ئامادەکارییە بۆ هەر هەڵبژاردنێک لە عێراق". بەوپێیە دەبێت تاوەکو مانگى نیسانى داهاتوو ئەنجوومەنێکى کاراى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان هەبێت.
عیماد جەمیل گوتى: "ئەو شەش مانگ ئامادەکارییە بۆ خشتەى کارى کۆمیسیۆنە، لەوانە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، تاوەکو تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانێتییەکان و بەربژێران و وردبینیکردنیان، ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنى 2021 ى پەرلەمانى عێراق ئاسانتر دەبێت بۆ کۆمیسیۆن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ