رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشنیازی بەستنی کۆنگرەیەکی نوێی بەغدا بۆ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق دەکات.
رۆژی دووشەممە، 06-01-2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشنیازی کردووە لە نزیکترین کاتدا، کۆپییەکی نوێی کۆبوونەوەی بەغدا بکرێت.
بارۆ، ئەنجامی سەردانەکەی ئەم دواییانەی بۆ دیمەشق و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکان باسکرد.
لای خۆیەوە فوئاد حوسێن-یش ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی خستەڕوو، کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کردوویەتی.
هەردوولا پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریان تاوتوێکرد، جەختیان لە لەگرنگی سازان لەسەر دیدگایەکی هاوبەش کردەوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوچەکە.
هەردوو وەزیر، پەیوەندییەکانی عێراق و فەرەنسایان تاوتوێکرد، جەختیان لە پێویستی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکان کردەوە.
فوئاد حوسێن داوای لە هاوتا فەرەنسییەکەی کرد، سەردانی بەغدا بکات و ئەویش بەڵێنی دا لە ئایندەیەکی نزیک ئەو سەردانە بکات.
یەکەم کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی، کە کۆنگرەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بوو، رۆژی شەممە 28ی ئابی 2021 لە بەغدا کرا.
حەوت وڵاتی عەرەبی و بیانی بەشداربوون. وڵاتە بەشداربووەکان بریتی بوون لە: عێراق، کوێت، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، ئوردن، میسر، ئێران، تورکیا و فەرەنسا.
کۆنگرەی دووەمی بەغدا لە 20ی کانوونی یەکەمی 2022، لە ناوچەی دەریای مردوو لە ئوردن بەڕێوەچوو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی دووشەممە رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت سووریای نوێ بەشداریی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بێت، بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە لە بەهاردا کۆنفرانسی سێیەمی بەغدا دەبەستین بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوچەیی پڕۆژەی نوێی بەرچاو بۆ بەرژەوەندی گشتی، ئاشتی و ئاسایش پێکبێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ