حکومەتی عێراق گرێبەستێک بۆ بەرهەمهێنانی گاز بۆ کەرتی کارەبا دەکات

دوێنێ کاژێر 03:54
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای نەوتیی هیلال کۆبووەوە و وا بڕیارە کۆمپانیاکە وەبەرهێنانێک لە بواری بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن پێ سێجا گاز، بۆ کەرتی کارەبای عێراق بکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیای نەوتیی هیلال کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیرانی نەوت و کارەباش بەشداربوون و باس لە پلانەکانی حکومەت لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گاز کراوە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی وەزارەتی کارەبای راسپاردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای هیلال بۆ بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن پێ سێجا گاز، لەپێناو بەکارهێنانی لە وێستگەکانی کارەبادا.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی راسپارد، کار بکەن بۆ لادانی سەرجەم ئەو بەربەستانەی دەبنە رێگر لە بەردەم کۆمپانیای هیلال بۆ وەبەرهێنانی نەوت و گاز لە کێڵگەی خەشم ئەحمەر – ئینجانەی پارێزگای دیالە.
 
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رووداوی گوت بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 18 هەزار و 700 مێگاواتە؛ لە کاتێکدا پێویستیان بە زیاتر لە 48 هەزار مێگاواتە بۆ پڕکردنەوەی خواستی هاووڵاتییان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە