رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەرێکی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، سبەی دەست بە دانانی ئامێرەکانی فڕۆکەوانی و رادارەکانی فڕۆکەخانەی موسڵ دەکرێت.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، رۆژی دووشەممە 06-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی سێشەممە کۆمپانیایەکی فەرەنسی لە فڕۆکەخانەی موسڵ دەستبەکارەکانی دەکات، کە بەرپرسە لە دانانی ئامێر و رادەرەکانی فڕۆکەوانیی فڕۆکەخانەکە.
بە گوتەی یاریدەدەرەکەی پارێزگای نەینەوا، ئامێرەکان ماوەیەکە گەیشتوون، چاوەڕێی کۆمپانیا فەرەنسییەکە بوون بۆ ئەوەی دەست بە دانانیان بکات، سبەی ئەو کۆمپانیایە دەست بەکارەکانی دەکات بۆ دانانی ئەو ئامێرانە.
رەفعەت سمۆ گوتی: وەک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکردووە، بڕیارە رۆژی 10 حوەزیرانی ئەم ساڵ بە فەرمی فڕۆکەخانەی موسڵ بکرێتەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی 22-12-2024، لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای نەینەوا، چووە فڕۆکەخانەی موسڵ و کارەکانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەی بەسەرکردەوە.
زیاتر لە 80٪ـی کارەکانی دروستکردنی رێڕەوی فڕۆکەخانە و هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە تەواوبوون.
محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری دا رۆژی 10ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، ئەوەش وەک سوودانی باسی کرد "پەیامێکی ئاڵنگارییە بۆ تیرۆر."
فڕۆکەخانەی موسڵ لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان نۆژەن دەکرێتەوە.
فڕۆکەخانەکە بەگوێرەی مەرجەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و کۆمپانیای ئاسمانی نۆژەن دەکرێتەوە.
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بونیتنانی کرا و رووبەرەکەى هەزار و 600 دۆنمە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا لە موسڵ لە ساڵانی 2014 - 2017، 70٪ـی ئەو فڕۆکەخانەیە وێرانبوو.
رۆژی 10ـی ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتى عێراق بەردى بناخەى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەکەی دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ