رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی هەواڵی فرۆشتنی گۆشتی کەر و ئەسپ لە دیوانییە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەبو عەلی دەمانباتە ئەو ماڵەی کە دەگوترێت کەر و ئەسپیان تێدا سەربڕیوە و دواتر گۆشتەکەیان فرۆشتووە. لەنێو ماڵەکەدا پاشماوەی ئێسکی کەر و ئەسپ دەبینرێن، خوێن لەسەر زەوییەکەش رژاوە. ئەوەی گومانەکەی زیاتر کردووە، دەڵێن ئەوانەی لەم ماڵە دا ژیاون هاتوچۆ و مامەڵەیان لەگەڵ دراوسێکانیان نەبووە.
ئەبو عەلی، دانیشتووی گەڕەکی عروبەی سێیە لە دیوانییە و دەڵێت: "دەمبینی دوو ژن و پیاوێک دەهاتنە ئێرە، جگە لەوە کەسی دیکەم نەبینیوە، دەهاتن و دواتر دەڕۆیشتن، لەگەڵ دراوسێکان قسەیان نەدەکرد، خۆیان پێشاننەدەدا، لەگەڵ هیچ کام لە خەڵکی گەڕەکەکە هاتوچۆیان نەبوو، دەچوونە سەر شەقامەکە و دورۆیشتن جا بۆ کوێ و چیان دەکرد کەس نەیدەزانی."
ماڵەکە دەکەوێتە گەڕەکی عروبەی سێ لە دیوانییە، خانووەکە لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستکراوە، هێزە ئەمنییەکان کاتێک داویانەتە سەریان ژنێک و پیاوێکیان تێدا دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستی پێکردووە، تاوەکو بزانن گۆشتی کەر و ئەسپیان بە کێی و لە کوێ فرۆشتووە.
ئیبراهیم شبانی، دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "پێویستە لەسەر حکومەتی خۆجێیی، جا پارێزگا بێت یان دامەزراوەکانی چاودێریکردنی پەیوەندیدار بەو بابەتە، بۆ رای گشتی روونبکەنەوە ئەو بابەتە چۆن روویداوە، ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە ئەو کارەیان کردووە، چونکە ئەوەی روویداوە زیان بەخەڵک دەگەیەنێت."
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە دیوانییە ئەم شوێنەیان ئاشکراکردووە، ڤیدیۆی پاشماوەی سەربڕاوی کەر و ئەسپەکانیان وەک بەڵگە تۆمارکردووە، بەڵام تا ئەم ساتە ئیدارەی پارێزگای دیوانییە هیچی لەسەر ئەمە نەگووتوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ