رووداو دیجیتاڵ
وەزارەت کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند 22 هەزار پەنابەرى سوورى لەلایان تۆمار کراون کە لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان و هیچ پەنابەرێکى دیکەى ئەو وڵاتە لەلایان تۆمار نەکراوە کە دواى رووخانى دەسەڵاتى پێشووى سووریا پەنایان بۆ عێراق بردبێت.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ وکۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: 22 هەزار پەنابەرى سووریایی لەلای ئەوان تۆمارکراون کە لە 10 کەمپى سنوورى هەرێمى کوردستاندان، بەڵام لە سنوورى دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى هیچ کەمپێک بۆ ئەو پەنابەرانە نییە.
عەلى جەهانگیر گوتی: "ئەو 22 هەزار پەنابەرە سووریاییە ئەوانەن لە دواى رووداوەکانى سووریا لە 2011 پەنایان بۆ هەرێمى کوردستان بردووە و تەنیا بە ژمارە زانیارییان لەسەریان هەیە نەک بە وردەکاریى دیکەى ناوەکانیان و هاوکارییەکانى وەزارەتەکەمان نایانگرێتەوە".
ساڵى 2011 خۆپێشاندان و دواتر، بەهۆی شەڕی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتى پێشووى سووریا، زیاتر شەش ملیۆن هاوڵاتى سووریایی بەهەموو پێکهاتەکانییەوە بوونەتە پەنابەر، زۆرینەى هاونیشتمانیانى کوردى رۆژئاواڤاى کوردستان کە بوونەتە پەنابەر، پەنایان بۆ هەرێمى کوردستان بردووە.
گوتەبێژەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، ئەو ئاوارە سووریاییانە تۆمار نەکراون، کە لە دواى روخانی رژێمی بەشار ئەسەد پەنایان بۆ عێراق بردووە.
7ـی کانوونى یەکەم و رۆژێک بەر لە رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، زیاتر لە دوو هەزار و 490 کەس، سەرباز و ئەفسەرى سوپاى ئەو وڵاتە لەگەڵ ژمارەیەک کارمەند و پاسەوانى دەروازەى سنووریى ئەلبوکەمالى سووریا، پەنایان بۆ عێراق برد.
19ـی کانوونى یەکەم، 1905 سەرباز و ئەفسەر لەگەڵ 36 فەرمانبەرى سڤیل لە رێگەى دەروازەى قائیمى عێراقەوە لەسەر داواى خۆیان گەڕانەوە وڵاتەکەیان، بەوپێیە زیاتر لە 540 سەرباز و پلەدارى سوپا ماون، کە نەگەڕاونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ