رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە یەکخستنی هەوڵی هێزە سیاسییەکان بۆ پشتگیری لە کارنامەی حکومەتی عێراق کرد.
ئەمڕۆ پێجشەممە، 04-05-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، باسیان لە رەوشی سیاسی و ئابووريی وڵات و گرنگيی یەکخستنی هەوڵەکانی هێزە سیاسیەکان بۆ پشتگیری له حکومەتى فيدراڵى و جێبەجێکردنى كارنامهكهى کردووە.
لە بەشێکی دیدارەکەدا وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیشدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و سوودانی "تيشكيان خسته کارە لەپێشینەکانی حکومەت له دابینکردنی پێداویستی و داواکاريی هاووڵاتیيان و خزمهتگوزارييهكان كه دەبێتە هۆکاری سەقامگیری و گەشەپێدانێکی گشتی له وڵات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕابوون کە "پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقى فيدراڵى و حکومەتی هەرێمى كوردستان" دەبێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت کە "چارەسەرێکی ريشهيى بێت و پاڵپشت بێت بۆ کاری هاوبەش بەپێی دەستوور و لهپێناو بەرژەوەنديی ههموو پێكهاتهكانى وڵاتدا.'
هەر ئەمڕۆ و لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری عێراق لە بەغدا؛ نێچیرڤان بارزانی لە پانێڵی "هەرێمی کوردستان لایەنێکی کارا لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا" قسەی کرد، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەکانی تیمی یەکێتی لەگەڵ حکومەت و چەند پرسێکی دیکەیش کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، "من ئەرکی خۆمم بەجێگەیاندووە و داوام لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کە پابەندی ئەو کاتە بن کە دیاریکراوە، هەموو هەوڵێکمان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە زیاتر دوانەخرێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لە کێشەکانی نێوان حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، کێشەی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، "بەڵام ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کە سەرۆکایەتی ببێتە چەترێک بۆ ئەوانەی کێشەیان هەیە و بەردەوامیش دەبین لەو رۆڵەمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ