رووداو دیجیتاڵ
بەشێك لە هاووڵاتییانی عێراق لە بەربڵاوی چەکی بێمۆڵەت و بەکارهێنانی بەشێوەی هەڕەمەکی بێزارن؛ بەکارهێنانی تەنیا لە ناکۆکییە خێڵەکییەکان نەبووە، بەڵکو هەندێکیان لە هەموو بۆنە و رووداوێکدا بەبێ گوێپێدان، بەکاری دەهێنن.
عەمید ناسر عەلی نووری، بەڕێوەبەری کاروباری هۆزەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "لە هەموو پارێزگاکانی عێراق چارەسەری زیاتر لە 2 هەزار و 340 کێشەی خێڵەکی کراون، ئەو کارەش لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی هۆکاری راستەقینەی کێشەکان ئەنجامدراوە؛ بۆشمان دەرکەوت لە دوای ساڵی 2003وە چەکی بێمۆڵەت هۆکاری یەکەمی کیشەکانە و هۆکاری دووەم دەستدرێژییە بۆسەر کۆمپانیاکانی نەوت و وەبەرهێنان و هۆکاری سێیەمیش بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانە چونکە قازانجیان زۆرە".
سەباح حەمزە، خانەنشینێکە و دەڵێت، "پێشتر ئەو رێگەیە تەنیا لە گوندەکاندا هەبوو، چیدیکە پێویستمان پێی نییە، ئێمە ئێستا لە شارستانییەت دەژین. ئەو هێرشە چەکدارییانە تیرۆرکردنی خەڵکە و دەبێ لەلایەن هەموو عێراقییەکانەوە رەتبکرێتەوە".
حەسەن چەلووب، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "ئەوە دیاردەیەکی ناشارستانییە و زیانیش بە هاووڵاتییان دەگەیێنێت، دەبێ دەوڵەت کۆنترۆڵیان بکات. یان ئەوەتا حکومەت ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات یان چاوپۆشی لێدەکات، هیچ لۆژیکێکی تێدانییە چەک بە نرخێكی هەرزان لە هەموو شوێنێکدا هەبێت و هەموو کەسێكیش توانای کڕینی هەبێت".
لەو کاتەی چەک لەنێو ماڵەکاندا بڵاوبووەوە ئیدی سەتان کەسی بێتاوان بوونە قوربانی، لەدوای ساڵی 2003وە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانی پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت جێبەجێبکەن، لە کاتێکدا حکومەت ئەو پڕۆژەیەی بە بەشێك لە بەرنامەی کاری خۆی داناوە و نەریتی تۆڵەسەندنەوەکانی نێو هۆزەکان لە چوارچێوەی یاسای بەرپەرچدانەوەی تیرۆر، بە تاوانی تیرۆر پۆڵێنکردووە، بەڵام ئەوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەک و فرۆشتنی لە هەندێ شوێنی ناسراو و دیاریکراو، نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ