پۆلیسی هەرێمی کوردستان: مۆڵەتی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت درێژنەکراوەتەوە

23-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن چەکی بێ مۆڵەت
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە مۆڵەتی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت، کە رۆژی 21ـی تەمموزی ئەمساڵ کۆتایی پێهات، درێژکرابێتەوە و دەڵێت تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر پارچە چەک تۆمارکراون.
 
رۆژی یەکشەممە 23-7-2023، کارزان ئەمیر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی مۆڵەتی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت، کە 21ـی ئەم مانگە کۆتایی پێهات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو مۆڵەتەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دیاریکردبوو، وادەکەی کۆتایی هات و هیچ بڕیارێک یان روونکردنەوەیەک بۆ درێژکردنەوەی نییە."
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو چەکانەی لە ماوەی رابردوودا لە بنکەکانی تۆمارکردنی چەک تۆمار کراون، کارزان ئەمیر گوتی "ژمارەیەکی زۆری پارچە چەک لە پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام هێشتا ژمارەکە بەتەواوەتی دیارنییە."
 
ئەو قسانەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستەرێکدا کە لە سۆشیاڵ میدیاکەی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ "چەکەکەت تۆمار بکە بۆ ئەوەی بەمشێوەیە سزا نەدرێیت."، کە سزاکەی بەندکردن لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ و پێبژاردنی دوو بۆ پێنج ملیۆن دینارە.
 
رۆژی چوارشەممە 21-6-2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەمەبەستی ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی تاوەکو رۆژی 21ـی تەمموزی 2023 چەکەکانیان تۆمار بکەن، بە فەرمانی (رێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردەوە، سەرەڕای بەردەوامیی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو."
 
بەپێی مادەی 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان، کە لە رۆژی 01-03-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کرا، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتییە لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و بابەتی ئەمنیی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
 
بەگوتەی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، زۆرترین چەک لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراوە و لە پارێزگای سلێمانیش کەمترین هاووڵاتی چەکەکانیان تۆمار کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی مدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 140 پارچە چەک لە جۆرەکانی دەمانچە و کڵاشینکۆڤ لە سنووری قەزای ناوەند تۆمار کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە