رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق پێشوازی لە بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەکات و فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکی حکومەت و وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل بەرز دەنرخێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە بۆ بنیامین نەتەنیاهوو و یواڤ گاڵانت، لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ کە لە دوای 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو 20ـی ئایاری 2024 کردوویانە".
لەوبارەیەوە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، "حکومەتی عێراق هەڵوێستە بوێرانە و دادپەروەرانەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بەرز دەنرخێنێت بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی حکومەتی قەوارەی زایۆنی و وەزیری پێشووی بەرگریی. بڕیارەکە لەسەر بنەمای لیستی ئەو تاوانانە بووە کە دادگەییکراون و سەرجەمیان تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتیی بووە لە دژی هەردوو گەلی فەلەستین و لوبنان".
باسم عەوادی لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەی خستەڕوو، "ئەم بڕیارە مێژووییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە ستەم سنوورەکانیشی بەزاند و هەوڵەکانیشی درێژەپێدا، بەڵام دادپەروەریی و ماف هەمیشە رووبەڕووی دەبنەوە و رێگری لێدەکەن بۆ ئەوەی بەسەر هەموو جیهاندا زاڵ نەبێت. هاوکات بڕیارێکی دادپەروەرانەیە بۆ خوێنی ئەو بێتاوانانەی غەززە و لوبنان کە لە جەنگی ستەمکارانەی قەوارەی زایۆنیزمیدا شەهید بوون".
گوتەبێژی حکومەتی عێراق راشیگەیاند، "لە کاتێکدا پێشوازیی لەم هەنگاوە گەورەیە دەکەین لە پێناو بەدەستهێنانی دادپەروەریی لە تەواوی جیهاندا، هاوکات بانگەشەکانمان نوێ دەکەینەوە بۆ راگرتنی جەنگ. هەروەها داوا لە هەموو وڵاتانی ئازاد دەکەین، بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و داواکراوەکان رادەستی دادگە پسپۆڕەکان بکەن بۆ ئەوەی دەرهەق بەم تاوانانەی لە دژی مافەکانی مرۆڤ کردوویانە، سزا بدرێن".
هەر لە راگەیێندراوەکەی دادگەدا هاتووە، کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد زێف، بەرپرسێکی سەربازیی حەماس دەرچووە و هۆکارەکەشی بۆ "ژمارەیەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی گەڕاندووەتەوە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کردوویەتی".
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان 124 وڵات تێیدا ئەندامن و لە ئەگەری گەشتکردنی ئەو کەسانەی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بۆ ئەو وڵاتانە، دەتوانن بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و داواکراوەکە دەستگیر بکەن، بەڵام ئەوکاتیش وڵاتەکە ئازادە چ بڕیارێک دەدات و بڕیارەکە پابەندکار نییە.
رۆژی 20ـی ئایاری ئەم ساڵ، کەریم خان، داواکاری گشتی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان داوای کرد کە جگە لە بنیامین نەتەنیاهوو و یواف گاڵانت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس و یەحیا سینوار، کە دوای کوژرانی هەنییە بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، دەربکرێت.
ئیسماعیل هەنییە لە 31ـی تەممووزی ئەم ساڵ لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا و لە ئابی ئەم ساڵیش، ئیسرائیل رایگەیاند، کە محەممەد زێفیان کوشتووە، بەڵآم حەماس رەتیکردەوە کوژرابێت. هەروەها لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵیش سوپای ئیسرائیل سینواری لە کەرتی غەززە کوشت. تاوەکو ئێستا نە ئیسرائیل و نە بزووتنەوەی حەماس هیچ راگەیێندراوێکیان لەسەر بڕیارەکەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی تاوان، بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ