رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆ دەڵێت، هەموو کەس مافی پێشکێشکردنی داوای مۆڵەتی چەکی هەیە، بەڵام دەڵێت، مۆڵەت بە چەکی قورس نادرێت و لە هەر شوێنێک هەبێت، دەبێ رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە بکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 31-07-2023، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ''هەموو کەس مافی پێشکێشکردنی داواکاریی مۆڵەتی چەکی هەیە، بەڵام وەزیری ناوخۆ، پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، لەژێر رۆشنایی راپۆرتی پزیشکی، ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوان بڕیاری لەسەر دەدەن.''
یاسای چەک، بە ژمارە 2ی ساڵی 2022 لە 22ـی تەممووزەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هێمن میرانی لەوبارەوە گوتی، ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی، بەگوێرەی مادەی 12 بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک، دوای بەرکاربوونی یاساکە، دوو مانگ مۆڵەت هەیە کە خۆیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نێوخۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بۆ ئەوەی داوای مۆڵەتی دەستداری چەک یان هەڵگرتنی چەک بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە بابەتێکی گرنگ و ستراتیژیی پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەت دەزانێت و ئاماژە بەوەش دەکات، ''تائێستا 17 هەزار کەس چەکەکانیان لە 90 بنکەی پۆلیس تۆمارکردووە و دوای ئەم دوو مانگەش چەکی بێمۆڵەت بەگوێرەی مادەی 15ـی یاسای چەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.''
بەگوێرەی مادەی 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکراوە، سزای هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت یان هەبوونی لە ماڵەوە، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بەندکردنە بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
هێمن میرانی لەبارەی رێنماییەکان بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک دەڵێت، ''کۆمەڵێک رێوشوێنی بۆ دەستنیشانکراون، لەوانەش خاوەن چەک دەبێ داواکاری پێشکێش بکات، رێگەپێدانی (موافقە) ئەمنی هەبێت، لەڕووی پزیشکییەوە دەبێ بچێتە بەردەم لیژنەیەکی پزیشکی کە وەزارەتی تەندروستی دایناوە، هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان، پێشینەی بێتاوانی بسەلمێندرێت و بیانوویەکی گونجاویشی بۆ هەڵگرتنی چەک هەبێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، پێدانی مۆڵەتی دەستداریش هەر بەو پڕۆسانەدا تێدەپەڕێت، ''بەڵام رەنگە لە داواکارییەکەدا، پێدانی مۆڵەتی دەستداری بەراورد بە مۆڵەتی هەڵگرتن و هێنانە دەرەوەی چەک ئاسانتر بێت.''
هێمن میرانی جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەو 17 هەزار کەسەی پسوولەی تۆمارکردنی چەکیان وەرگرتووە، نەک تەنیا لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، بەڵکو دوای ئەو ماوەیەش دەتوانن داوای وەرگرتنی مۆڵەتی چەک بکەن، ''چونکە چەکەکانیان لای وەزارەتی نێوخۆ ناسراوە، بەڵام ئەو دوو مانگە زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە چەکەکانیان نەناسراون، بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت.''
وەک بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستن دەڵێت، تەنیا دوو جۆرە چەک رێگەپێدراون و دەکرێت تۆمار بکرێن، ئەویش دەمانچە و کلاشینکۆف یان هاوشێوەکانیانن، گوتیشی، ''چەکی قورس لەلایەن لیژنەیەکی دیکەی داماڵینی چەک جێبەجێ دەکرێن و لە هەر شوێنێک کە بوونی هەبێت، دەبێ رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە بکرێتەوە و هاووڵاتییان مافی هەبوونی چەکی قورسیان نییە.''
هەفتەی رابردوو بە سەرپەرشتیی وەزیری نێوخۆ و بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەکانی 70 و 80، بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی دیکە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان کرا، د. هێمن میرانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، ''کۆنووسێک خرایەڕوو کە یەکێک لە خاڵەکانی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان بەرپرسیار دەکات لە هەر شوێنێک چەکی قورس ببینن، تەنانەت هی فەرماندەکانی پێشمەرگەش بێت، کۆیان بکەنەوە و بگوازرێنەوە وەزارەتی پێشمەرگە، هاووڵاتییان مافی هەبوونی چەکی قورسیان نییە.''
بەگوتەی هێمن میرانی، لە هەر شوێنێک زانیاری لەسەر هەبوونی چەکی قورس هەبێت، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ دەسەڵاتیان پێدراوە کە بەدوای زانیاریییەکاندا بگەڕێن و پشکنینی بۆ بکەن، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات لەوبارەوە زانیاری بە ئاسایشی نێوخۆ بدەن.
رۆژی 30-06-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد شوێنەکانی چەکفرۆشتن دابخرێن و گوتیشی، "ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانیی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان''.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆ لەوبارەوە گوتی، ''لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، پڕۆسەیەکی نوێی دروستکردنی کۆمەڵگەکانی کڕین، فرۆشتن و چاککردنەوەی چەک بە شێوەیەکی مۆدێرن و لەژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی نێوخۆ و ئاسایش دەستیپێکردووە، ئەم کۆمەڵگەیە لە دەرەوەی شار دروست دەکرێت و هەموو جووڵەیەکی چەک بە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی تۆمارکراوەوە تێدەپەڕێت.''
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 69 کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون، کە کوشتنی 57 کەس لەوانە بە چەک بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ