رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق فەرمانیدا چەکى پێشکەوتوو بۆ پاسەوانى سنوور دابین بکرێت و پێداویستییە تەکنیکى و ئەمنییەکانى ئەو هێزە دەستبەربکرێت.
بە گوتەى سوودانی، هەوڵەکانى ئیسرائیل بۆ فراوانکردنى ئاڵۆزیى ناوچەکە "گرنگترین مەترسین کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیرى عێراق دەکەن".
21ى تشرینى دووەمى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق سەردانى بارەگاى فەرماندەیی هێزى پاسەوانى سنوورى کرد لە بەغدا و دۆخى ئەمنى و ئاستى جێبەجێکردنى پلانەکانى تایبەت بە بنەبڕکردنى داعش و قەڵاچۆکردنى تاوانى رێکخراو و باندەکانى مادەى هۆشبەر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکانى لەگەڵدا تاوتوێ کردن.
بە گوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى فەرمانیداوە چەکى پێشکەوتوو بۆ پاسەوانى سنوور دابین بکرێت و پێداویستییە تەکنیکى و ئەمنییەکانیان بۆ دەستبەر بکرێت.
سوودانى بە فەرماندە سەربازییەکانى پاسەوانى سنوورى گوتووە: "پێویستە لایەنە پەیوەندارەکان بەردەوام بن لە کارکردن بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشى سنوورەکان و چارەسەرى ئەو پێشێلکارییانە بکەن کە زیان بە ئاسایش و سەروەریى عێراق دەگەیێنن".
سەردانەکەى سوودانى بۆ فەرماندەیی پاسەوانى سنوور دواى ئەوە بوو 18ى تشرینى دووەمی 2024، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داواى لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت.
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاندووە، لە رێگەى بڕیارەکانیەوە سەرجەم پێداویستییەکانى بەھێزکردنى سنوورەکانى دەستبەرکردووە، بە تایبەت لە سایەى دۆخى ئاڵۆزى ئەمنیى ناوچەکە و دەرهاویشتە بەردەوامەکانى، "دوژمنکاریى زایۆنى" لە دژى غەززە و لوبنان وسووریا و هەوڵەکانى بۆ فراوانکردنى لە ناوچەکە. بە گوتەى سوودانى ئەوە سەرەکیترین مەترسییە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریى عێراق دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ