رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات کە هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق "جیدی و گەورەیە" و دەڵێت، حکومەت لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە پەلهاویشتنی جەنگی غەززە و لوبنان بۆ وڵاتەکەی.
دووشەممەی رابردوو، ئیسرائیل رایگەیاند، لە نامەیەکدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش کردووە، "گوشار" بخاتە سەر عێراق بۆئەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بووەستێنێت، کە وەکو پشتیوانییەک بۆ حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی، دەیان هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
لەو بارەیەوە رۆژی هەینی، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، جگە لەو نامەیە، حکومەتی ئیسرائیل "پەیامی زارەکی و نووسراو"ی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە، کە ئەوەش "واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر."
فوئاد حوسێن روونیشیکردەوە، "هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر."
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، بەغدا "وەڵامی نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی [بنیامین] نەتەنیاهووی دایەوە و هەڵوێستی روونی حکومەتی عێراقی بۆ روونکردەوە،" بەوەی "حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت. ئێمە بەشێک نین لە جەنگ."
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە فەلەستینییەکە دەستیان بە هێرشی درۆنی و مووشەکی کرد بۆ سەر ئیسرائیل.
دوای فراوانبوونی پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیادکرد.
بە گوێرەی رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی، ژمارەی هێرشە درۆنییەکانی ئەو گرووپانە بۆ سەر ئیسرائیل لە 6 هێرشەوە لە مانگی ئاب بۆ 31 هێرش لە ئەیلوول و دواتر 90 هێرش لە تشرینی یەکەم بەرزبوونەتەوە. لە 18 رۆژی سەرەتای ئەم مانگەشدا، لانیکەم 65 هێرشی لەو جۆرەیان کردووە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، وێڕای ئەوەی سوپای ئیسرائیل توانیویەتی بەرپەرچی زۆربەی ئەو هێرشە درۆنیانە بداتەوە، هێرشەکان "بە سەرچاوەیەکی بێزارکردن دەبینێت نەوەک هەڕەشەیەکی ستراتیجی،" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت "گرژییەکان بە خێرایی زیادبن."
فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد، لە نێوخۆی عێراقدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە چەکدارەکان "لە پەیوەندیی بەردەوامدان." گوتیشی، "من باسی کارتی گوشار ناکەم، بەڵکو باسی پەیوەندیی بەردەوامی نێوان بەڕێز [محەممەد شياع سوودانی] سەرۆکوەزیران[ی عێراق] و سەرکردە سیاسییەکان دەکەم، بە تایبەتی سەرکردەکانی چوارچێوەی شیعە و روونکردنەوەی دۆخەکە و مەترسیی دۆخەکە بۆ سەرکردە سیاسییەکان و سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان."
بە گوتەی فوئاد حوسێن، سوودانی "لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە،" راشیگەیاند، "ئێمە باس لە دۆخی راستەقینە دەکەین. دۆخەکە بەو جۆرەیە کە هەڕەشە هەیە و هەڕەشەکە گەورەیە؛ بۆیە نابێت عێراق رابکێشرێتە نێو جەنگ."
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی هەیە بەرگری لە خۆی بکات و گوتیشی، عێراق "بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بەرپرسە لەوەی رێگەنەدات خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت."
لە نامەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاساییش، ئیسرائیل هێرشەکانی خستووەتە ئەستۆی کەتائیب حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، نوجەبا، کەتائیب سەیدوشوهەدا، ئەنساروڵڵاهـ ئەوفیا و لیوای بەدر.
فوئاد حوسێن دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی سێ رۆژ لەمەوبەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا، سوودانی جەختیکردووەتەوە کە "بابەتی جەنگ و ئاشتی لە دەستی حکومەتی عێراقدایە" و هەروەها داوای لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق کردووە هەموو رێکارێک لە بەرامبەر ئەوانە بگرنەبەر کە پێچەوانەی ئەوە رەفتار دەکەن و خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە بەکاردێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ