چەند کاژێرێک کات بۆ تۆمارکردنی چەک ماوە و "لە سبەیەوە چەکی بێ مۆڵەت دەبێتە قاچاخ"

21-07-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن چەکی بێ مۆڵەت چەک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ وێڕای ئەوەی هەینییە و پشووی فەرمییە، هەموو بنکەکانی پۆلیس کە تایبەت کراون بە پێدانی مۆڵەتی چەک کراوەن و تاوەکو درەنگانی شەو پێشوازی لە هەرکەسێک دەکەن داوای مۆڵەت بکات؛ گوتیشی، سبەی شەممە چەکی بێ مۆڵەت دەبێتە قاچاخ.
 
بەگوێرەی پلانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 21ـی تەممووزی 2023 دوایین رۆژە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت؛ لەو بارەیەوە موقەدەم کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت".
 
چەکی بێ مۆڵەت لە 90 بنکەی پۆلیس لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت. گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەرچەندە ئەمڕۆ هەینییە، بەڵام تەواوی بنکەکانی پێدانی مۆڵەتی چەک لە هەرێمی کوردستان تاوەکو درەنگانی ئەمشەو کراوە دەبن و هەرکەسێک چەکی هەبێت، دەتوانێت ئەم چەند کاژێرەی ماوە تۆماری بکات".
 
کارزان ئەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، لە سبەی شەممە 22ـی تەممووزەوە هەر چەکێکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیرێت بە قاچاخ هەژمار دەکرێت و بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ خاوەنەکەیدا دەکەن.
 
19ـی ئەم مانگە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو هەفتەی رابردوو زۆرترین چەک لە پارێزگای دهۆک تۆمارکرا بوو؛ لە هەولێر و سۆرانیش پێشوازییەکی باش کرابوو؛ لە پارێزگای سلێمانی کەمترین تۆمارکرابوو".
 
وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەداتە هەموو ئەو کەسانەی چەکیان هەیە کە بچن مۆڵەتی بۆ وەربگرن و بێگومان بن لەوەی لەلایەن بنکەکانەوە دەست بەسەر هیچ چەکێکدا ناگیرێت کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت برابێت.
 
بەگوێرەی مادەی 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکراوە، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان هەڵگرتنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
 
وەزارەتی ناوخۆ 90 شوێنی دیاریکردووە بۆ تۆمارکردنی چەک، کە بەشێکیان ئەمانەی خوارەوەن:
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:
 
- بنکەی پۆلیسی ئازادی – بەشی پۆلیسی ناوشار - رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی راپەڕین - بەشی پۆلیسی ناوشار- رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی عەنکاوە – قەزای عەنکاوە
- بنکەی پۆلیسی خەبات – قەزای خەبات
- بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە – قەزای شەقڵاوە
- بنکەی پۆلیسی پیرمام – قەزای پیرمام
- بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر – قەزای دەشتی هەولێر
- بنکەی پۆلیسی کۆیە – قەزای کۆیە
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی:
 
- بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ – بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی چوارچرا - بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی سەیدسادق – قەزای سەیدسادق
- بنکەی پۆلیسی شارەزوور – قەزای شارەزوور
- بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان – قەزای دەربەندیخان
- بنکەی پۆلیسی قەرەداخ – قەزای قەرەداخ
- بنکەی پۆلیسی ماوەت – قەزای ماوەت
- بنکەی پۆلیسی پێنجوێن – قەزای پێنجوێن
- بنکەی پۆلیسی شارباژێڕ – قەزای شارباژێڕ
- بنکەی پۆلیسی دووکان – قەزای دووکان
- بنکەی پۆلیسی چەمچەماڵ – قەزای چەمچەماڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک:
 
- بنکەی پۆلیسی نزارکێ – بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی ماڵتا - بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی بەردەڕەش – قەزای بەردەڕەش
- بنکەی پۆلیسی شێخان – قەزای شێخان
- بنکەی پۆلیسی سێمێل – قەزای سێمێل
- بنکەی پۆلیسی ئامێدی – قەزای ئامێدی
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە:
 
- بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە – بەشی پۆلیسی دەوروبەر
- بنکەی پۆلیسی بیارە – ناحیەی بیارە
- بنکەی پۆلیسی سیروان – ناحیەکانی خورماڵ و سیروان
- بنکەی پۆلیسی بەمۆ – ناحیەی بەمۆ
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.