رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق وەکو هاوسۆزییەک بۆ ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای ئەنبار کوژران سێ ماتەمینی گشتیی لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت راگەیاند.
رۆژی شەممە، 03-02-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت راگەیاند، وەکو هاوسۆزییەک بۆ گیانی "شەهیدانی" هێزە چەکدارەکان و ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی کە لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی عەکاشات و قائیم لە پارێزگای ئەنبار گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی هەینی کاژێر 12:00ـی شەو بە کاتی هەولێر "لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا"، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەودا، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
هەر ئەمڕۆ شەممە د. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئیدارەی ئەمریکا هێرشێکی نوێی کردە سەر سەروەریی عێراق، هێزە ئەمنییەکانمان لە ناوچەکانی عەکاشات، قائیم و ناوچەکانی سڤیلی دەرووبەریان بۆردوومان کران، چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆردوومانەکەیان کردووە".
گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە ئەمە "هێرشێکی زەقە" بەهۆیەوە 16 کوژراو و 25 برینداری لێکەوتەوە، لەنێویاندا خەڵکی سڤیل هەن، هەروەها زیان بە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و موڵک و ماڵی هاووڵاتیان کەوتووە.
ئەمریکاش دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کرد، 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، "بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" بەکارهێنراون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکە لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریدا: "ئەمڕۆ وەڵامی ئێمە دەستیپێکرد. هەموو ئەوانەی هەوڵدەدەن زیانمان پێ بگەیێنن، با ئەمە بزانن: ئەگەر ئێوە زیان بە ئەمریکییەک بگەیێنن، وەڵاممان دەبێت."
هێرشەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رۆژی 28-1-2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە بنکەی تاوەر22 لە ئوردن هێزێکی ئەمریکی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 41ـی دیکەش برینداربوون. دوای سێ رۆژ ئەمریکا رایگەیاند، "گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەم هێرشەیان کردووە و وەڵاممان بۆیان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ