رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ بۆمبێکی چێندراو بە هێزێکی هاوبەشی سوپا و حەشدی شەعبیدا تەقییەوە، بەهۆیەوە فەرماندەی فەوجێکی لیوای 91ی سوپای عێراق، کە کوردە و فەرماندەی فەوجێکی حەشدی شەعبی، کە لەگەڵیدا بووە، گیانیان لەدەستداوە.
فەرماندە کوردەکە، کە پلەکەی موقەدەمە، سۆران محەممەد کەریمە و فەرمادەی فەوجی 2ی لیوای 91ی فیرقەی 21ی سوپای عێراق بووە.
رۆژی سێشەممە 02-01-2024 کەریم مەعرووف کەریم، ئامۆزای موقەدەم سۆران بە رووداوی گوت، "رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ لە بیابانەکانی سەلاحەدین روویداوە، لەگەڵ کەسێکی دیکە کە حەشد بووە، پێکەوە لە نێو ئۆتۆمبێل بوون و لەکاتی ئەرکدا بۆمبێکی چێندراویان پێدا تەقیوەتەوە."
مقەدەم سۆران محەممەد کەریم، خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. ئامۆزاکەی دەڵێت، "ئەوان لە ئەرکدا بوون و بە ئۆتۆمبێل بەسەر بۆمبێکی چێندراودا رۆیشتوون."
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی دیکە کە لەگەڵ مقەدەم سۆران لە ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، فەرماندەی فەوجێکی حەشدی شەعبی بوون و پێکەوە حەشد، پۆلیس و سوپا لە کاردا بوون بۆ کێوماڵکردنی بیابانەکانی سەلاحەدین و بۆمبی چێندراوی داعشیان پێدا تەقیوەتەوە.
کەریم مەعرووف کەریم، ئامۆزای موقەدەم سۆران گوتیشی، تەرمی موقەدەم سۆران ئەمڕۆ لە ناحیەی کۆڕێی شاری هەولێر بەخاکدەسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ