لە سعودیە شاندی حاجییانی عێراق بە باشترین هەڵبژێردرا

01-07-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن حەج محەممەد کازم ئالسادق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

 
شاندی حاجیانی عێراق لە سعودیە خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا و وەک باشترین شاندی حاجییان دیاری کرا.

 

دەستەی حەج و عومرەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندی حەجی عێراق خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا، وەک باشترین شاندی وڵاتانی ئیسلامی لە سعودیە بۆ ئەم وەرزەی حەج دیاریکرا.
 
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، رۆژی هەینی 30-06-2023  لە رێوڕەسمێکدا شاندی حەجی عێراقی وەک باشترین شاندی وڵاتانی ئیسلامی دیاریکرد، کە لەم وەرزەی حەجدا لە رووی جێبەجێکردنی پێوەر و تایبەمەندییەکان و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بە کاتێکی پێوانەیی، یەکەم بووە و خەڵاتەکەش بەخشرایە سامی مەسعوودی، سەرۆکی دەستەی حەج و عومرەی عێراقی.
 
ئەمساڵ ژمارەی حاجییانی عێراق 37 هەزار کەس بوو. 
 
لەوبارەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە شاندی حەجی عێراق کرد و گوتی، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەو وێنەی شاندی عێراقی نواندوویەتی لە باشیی رێکخستن و بەدواداچوونی جیدی بۆ کاروباری حاجییانی عێراق، ئەمەش رێزلێنانە لەو گرنگیدان و چاودێرییەی حکومەت دەیدات، بۆ بەرزکردنەوەی کاری دامەزراوەکان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت.
 
ئەمساڵ چوار هەزار و 685 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، تاوەکو ئێستا سێ حاجی لە شاری مەککە گیانیان لەدەستداوە. تێچووی هەر حاجییەک بە رێگەی گەشتی ئاسمانی 4500 دۆلار؛ تێچووی حەجی وشکانیش 3800 دۆلار بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە