رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامی دوو راپرسی کە لە نێوخۆی ئێران کراون، پێشبینی دەکرێت رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان نزیکەی 40٪ بێت.
رۆژی چوارشەممە (28-2-2024) ئەنجامی دوو راپرسی لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی 12ـیەمی پەرلەمانی ئێران کە لە نێوخۆی ئێران و لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمی و ناوەندێکی نیمچە فەرمییەوە کراون، بڵاوکرایەوە.
ناوەندی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران رایگەیاند، بەپێی راپرسیی ئەو دامەزراوەیە، 41.5٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن و 29٪ـش گوتوویانە بەشداری ناکەن.
هەروەها بەپێی ئەنجامی راپرسیی ناوەندی ئیسپا کە چوارشەممە بڵاوکرایەوە، 32.6٪ـی بەشداربووان گوتوویانە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هەڵبژاردندا ناکەن و 5.4٪ـیش گوتوویانە ئەگەری زۆر کەمە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. لە بەرامبەردا 38.5٪ رایانگەیاندووە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن و و 7.6٪ـیش دەڵێن، رەنگە بەشداری بکەن؛ 16٪ـی ئەوانەش کە بۆچوونیان وەرگیراوە رایانگەیاندووە، هێشتا بڕیاریان نەداوە.
راپرسییەکەی ناوەندی ئیسپا لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە شار و گوندەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران کراوە، پێنج هەزار و 121 کەس تێیدا بەشدار بوون و بە شێوازی گفتوگۆ بۆچوونیان وەرگیراوە. 38٪ـی بەشداربووانی ئەو راپرسییە رایانگەیاندووە، هیچ بەدواداچوونێک بۆ هەواڵ و بابەتی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران ناکەن.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەک کە پێشتر لەبارەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کراوە و زیاتر لە 58 هەزار کەس تێیدا بەشداربوون، 77٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە لە هەڵبژاردندا بەشداری ناکەن.
خولی دوازدەیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران رۆژی هەینی 01-03-2024 بەڕێوەدەچێت. هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیش بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ