رووداو دیجیتاڵ
سزای لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان حەمید حوسێن نەژاد حەیدەرانلوو لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و کەسوکارەکەی جێبەجێ کرا.
سەرچاوەیەک لە ماڵباتی حەمید حوسێن نەژاد بە رووداوی گوت، ئەمشەو لەلایەن پارێزەری دۆسیەکە ئاگادار کراونەتەوە، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەیان لە گرتووخانەی ناوەندی ورمێ جێبەجێ کراوە.
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووە عوسمان موزەیەن، پارێزەری حەمید حوسێن نەژاد حەیدەرانلوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لقی 9ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگەی ورمێ ئاگاداریان کردووەتەوە، رۆژی هەینی، 17-04-2025، سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەو پارێزەرە دەڵێت، دوای ئاگاداربوون لە بڕیارەکە، لە دادگەی جێبەجێکردنی سزاکانی ورمێ داوای لێخۆشبوون و لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێرانیش داوای پێداچوونەوە بە سزاکەیان کردووە و بەڵام وەڵامی هیچکام لە داواکارییەکانیان نەدرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، حەمید حوسێن نەژاد رۆژی چوارشەممە گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و رۆژی پێنجشەممە رێگە بە کەسوکاری دراوە بۆ ماوەیەکی کورت چاویان پێی بکەوێت. ئەندامێکی بنەماڵەی حوسێن نەژاد کە لەبەر هۆکاری ئەمنیی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت، رۆژی هەینی بەهۆی ناکۆکی نێوان داواکاری گشتیی ورمێ و بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعات جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەکەی بە شێوەی کاتی راگیرا، داواکاری گشتیی ورمێ بە بەرپرسانی ئیتڵاعاتی گوتبوو، کە ئەو دۆسیەکە کەموکوڕی تێدایە و ئامادە نییە واژۆی جێبەجێکردنی بکات.
ئەو سەرچاوەیە بە (رووداو)ی گوت، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەبێ رەزامەندی داواکاری گشتیی لەلایەن ئیتڵاعاتەوە جێبەجێکراوە، بەڵام ئەمڕۆ پارێزەرەکەیان لە جێبەجێکردنی سزاکە ئاگادار کردووتەوە.
هاوکات، ماڵپەڕی نیمچە حکومی فارس شەوی دووشەممە هەواڵی لە سێدارەدانەکەی پشتڕاستکردەوە رایگەیاند، "سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێن نەژاد یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی کوشتنی 8 ئەندامی پاسەوانی سنوور جێبەجێکرا. حوسێن نەژاد دوای تێپەڕاندنی پرۆسیەی یاسایی بە تۆمەتی بەشداری لە تیرۆر و کوشتن بە لەسێدارەدان سزا درابووە و سەرەئەنجام لەسەر داواکاری و پێداگری خێزانی کوژاوەکان لەسێدارە درا."
حەمید حوسێن نەژاد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە تۆمەتبار کراوە، لە 03-11-2017 هاوکاری گەریلاکانی پەکەکەی کردووە لە هێرشکردنەسەر ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە گوندێکی سەر بە شاری چاڵدران کە بووەتە هۆی کوژرانی هەشت کەس لە هێزەکانی ئێران و لە دادگەی شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی چالاکی دژ بە ئاسایشی ئێران بە لەسێدارەدان سزا دراوە.
حەمید حوسێن نەژاد پێنج ساڵ و حەوت مانگ دوای ئەو رووداوە لە 13-04-2023 دەستبەسەر کرا و تۆمەتەکەی دراوەتەپاڵ. دایکی حەمید حوسێن نەژاد پێشتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو کاتەی ئەو هێرشە روویداوە لەگەڵ حەمید و منداڵەکانی بە سەردان لە تورکیا بوون و بەڵگەی پێویستیان هەیە بیسەلمێنێت ئەو کات حەمید لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە تاوەکو دەستی لەو هێرشەدا هەبێت.
حەمید حوسێن نەژاد، تەمەن 39 ساڵ و باوکی سێ منداڵە. خەڵکی گوندی سێگرکی سەر بە شاری چاڵدرانە لە باکووری پارێزگای ورمێ. بە گوتەی کەسوکاری، حەمید حوسێن نەژاد کۆڵبەر بووە و لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان کەلوپەلی گواستووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ