رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا داواکاریی نالۆژیکی هەبێت، رووبەڕووی کێشە دەبینەوە"، بە پێچەوانەوە ئەگەری رێککەوتنی نێوان هەردوولا هەیە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، لە هەواڵەکان و میدیادا لە ئەمریکاوە پەیامی دژبەیەک و جیاواز دەبیستین و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پەیامەکانی ئەمریکادا هەیە.
عێراقچی گوتی: "رۆژی شەممە بەجیدی دەچینە ناو دانوستاندنەکانەوە، ئەگەر لایەنی بەرامبەریش بەجدی بێتە ناو دانوستاندنەکانەوە، پێموایە دەرفەت بۆ پێشکەوتن هەیە."
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئێمە ئێستا گەیشتوینەتە تێگەیشتنێکی باشتر لە رابردوو سەبارەت بە هەندێک لە بنەما، چەمک و ئامانجەکانی دانوستاندنەکان. ئەمەش دەتوانێت بەردەوام بێت."
بە گوتەی عەباس عێراقچی، ئەگەر لایەنی ئەمریکی "داواکاریی نالۆژیکی"یان نەبێت، ئەگەری رێککەوتنی نێوان هەردوولا هەیە. عێراقچی لەوبارەوە دەڵێت: "ئەگەر خواستی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمە خواستێکە کە دەکرێت بەدیبێت و دەتوانین بەو خواستە بگەین. بەڵام ئەگەر داواکاریی نالۆژیکییان هەبێت، سرووشتییە کە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە ئەرێنی بوونی پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن دەکات و روونیدەکاتەوە: "بەردەوام دەبین لەسەر ئەم رەوتە ئەرێنییە. هەرگیز مێزی دانوستاندنمان بەجێنەهێشتووە و هێشتا لەسەر مێزی دانوستاندنداین. بێگومان سەبارەت بە فۆرم و جۆرەکەی هەندێک کێشە هەبوون کە لەبەرچاودەگیرێن و بەردەوام دەبین لە لەبەرچاوگرتنیان."
بە گوتەی عێراقچی، بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تائێستا هیچ ئاستەنگێکی لە دانوستاندنەکاندا دروست نەکردووە و سوپاسی وەزیری دەرەوەی عومان دەکات، کە دانوستاندنەکانی رێکخستووە و بە باشی پەیامەکانی هەردوولا دەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ