وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت بۆ سەردانی بەرلین، پاریس و لەندەن ئامادەیە

24-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئامادەیە بۆ گفتوگۆی ئەتۆمی سەردانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بکات. 
 
تاران لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستاندندایە و تاوەکو ئێستا دوو گەڕ گفتوگۆیان لە عومان و ئیتاڵیا کردووە. 
 
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لەگەل ئەمریکا لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2015ـدا بەشداربوون کە ئامانج لێی سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بوو، بەڵام لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وڵاتەکەی  لێ کشاندەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە. 
 
عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "دوای گوتوبێژەکانی مۆسکۆ و بەرلینم، ئێستا ئامادەم هەنگاو بنێم بۆ ئەوەی سەردانی پاریس، بەرلین و لەندەن بکەم."
 
عێراقچی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەیە گفتوگۆ "لەسەر هەموو بوارێکی جێی بەرژەوەندی و نیگەرانیی هاوبەش نەک تەنیا پرسی ئەتۆمی" گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپادا بکات. 
 
رۆژی چوارشەممە، عێراقچی لە پەکین لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین کۆبووەوە، پێش ئەوەی جارێکی دیکە رۆژی شەممەی داهاتوو لە عومان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی کۆبببێتەوە. 
 
بۆ هەمان مەبەست، 17ی نیسان، عێراقچی لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبووەوە. 
 
عێراقچی رەزامەندیی خۆی بەرامبەر پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا و چین دەربڕی، بەڵام نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکان "خراپن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە