عێراقچی: ئیسرائیل هەوڵی بەلاڕێدابردنی دیپلۆماسی دەدات

23-04-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە توونێلی نهێنییان لە دەوری بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز هەبێت و دەشڵێت، ''هەر میللی گرامێک لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، لەژێر چاودێریی بەردەوامی ئاژانسی نێوەدەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدایە.''

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی راپۆرتی دامەزراوەیەک، رەتیکردەوە هیچ توونێلێکی نهێنییان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم هەبێت و لە ئێکس نووسی، ''رژێمی ئیسرائیل و هەندێک لە گرووپە خاوەن بەرژەوەندییەکان لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی بەلاڕێدابردنی دیپلۆماسی دەدەن.''
 
عەباس عێراقچی گوتی، "هێزە ئەمنییەکانیان، ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر کارێکی تێکدەرانە و ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرن کە بە مەبەستی ناچارکردنی ئێمە بۆ وەڵامدانەوەیەکی رەوا داڕێژرابێت.''
 
ئەنستیتیوتی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ''ئێران لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، سەرقاڵی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنیی گەورەیە لە دەوری دوو توونێلی قووڵ کە لەنێو کێودا دروستکراون.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو راپۆرتەدا گوتی: ''کەسانێک کە بەردەوام سەرقاڵی بەلاڕیدابردنی رای گشتین، دەکرێ ئەمجارەش بە بانگەشەیەکی خەیاڵی، پرسی وێنە مەترسیدارەکانی مانگی دەستکرد بخەنەڕوو.''
 
بەگوێرە راپۆرتی دامەزراوەکە، ئێران رێگەی بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەداوە کە چاودێریی توونێلەکانی نزیک بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز بکەن. عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، ''میلیگرام بە میلیگرامی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، بە تەواوی لەژێر چاودێریی بەردەوامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدایە.''
 
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، کە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە