رووداو دیجیتاڵ
واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرۆکی پۆلیس و وەزیری پەروەردەی کۆماری ئیسلامی بۆ رێگەدان بە پۆلیس بۆ چوونە ناو قوتابخانەکان، رەخنەی بەربڵاوی جەماوەری ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.
رۆژی یەکشەممە 20ی نیسانی 2025، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرۆکی پۆلیس و وەزیری پەروەردە واژۆ کراوە، بە گوێرەی یاداشتنامەکە هێزەکانی پۆلیس رێگەیان پێ دراوە بچنە ناو قوتابخانەکان و دەتوانن یاسای باڵاپۆشی بەسەر قوتانیاندا بسەپێنن.
وەک نارەزایەتیەک بەرامبەر بە واژۆکردنی ئەم یاداشتە، ئەنجوومەنی هەماهەنگی یەکێتییەکانی مامۆستایان، وەزیری پەروەردەی ئاگادارکردەوە کە مامۆستایان رێگە نادەن قوتابخانەکان بکرێتە سەربازگە.
محەمەد حەبیبی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی مامۆستایان رایگەیاند، "وەزارەتی پەروەردە موڵکی تایبەتی وەزیر نییە یان گۆڕەپانی نمایشی هێزە سەربازییەکان نییە" هۆشداریشی دا کە "هاتنە ناوەوەی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بۆ ناو قوتابخانەکان، کردەوەیەکی نایاسایی و ستەمکارانەیە کە پێشێلی مافی خوێندکاران و مامۆستایان دەکات".
مەحمود بەهەشتی لەنگروودی، مامۆستا و چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بۆ وەزیری پەروەردە نووسیویەتی: "قوتابخانە شوێنی چەک و هێز نییە کاری فەرهەنگ مەدەن بە سەرهەنگ، دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی خۆتانەوە".
یاداشتنامەکە لە کۆمەڵیک بڕگە و بابەتی جیاواز پێکدێت و یەک لەوانە جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشییە.
پرۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ پڕۆژەیاساکە زیادکرد و ناردی بۆ پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسند کرا. دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنی رایگەیاند، حکومەت هەوڵدەدات گۆڕانکاری لە یاسای باڵاپۆشی و پاکداوێنیدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو دەنێت بەرەو هەموارکردنەوەی یاساکە.
بڕیارە یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ