prev
next
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دەڵێت، شاندی دانوستاندنکاری ئێران بە دەسەڵاتی تەواوەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ لە رۆمایە. دەشڵێت، شاندی وڵاتەکەیان لە سەر بنەمای 9 پرەنسیپ دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسانی 2025، عەلی شەمخانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "دانوستاندنکارانی ئێران بە دەسەڵاتی تەواوەوە چوونەتە رۆما بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای 9 پرەنسیپ، کار لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر (هەمەلایەنە) بکەن."
بە گوتەی عەلی شەمخانی، "جیدیبوون، گەرەنتی، هاوسەنگی، هەڵگرتنی سزاکان، رەتکردنەوەی مۆدێلی لیبیا - ئیمارات، دوورکەوتنەوە لە هەڕەشە، خێرایی، جڵەوکردنی دەستدرێژیکاران (ئیسرائیل) و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنان"، ئەو پرەنسیپانەن شاندی ئێران لە رۆما لەبارەیەوە دانوستاندن لەگەڵ شاندی ئەمریکا دەکات.
راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "ئێران بۆ رێککەوتنێکی هاوسەنگ چووە نەک خۆڕادەستکردن."
ئەوە لە کاتێکدایە، 8-4-2025 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، هەر رێککەوتنێکی قبووڵکراو، دەبێت هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2003ـی لیبیا بێت، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتەیان لەنێوبرد یان بردیانە دەرەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لەنێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە بە نیازپاکی و رێبازێکی بەرپرسیارانەوە پابەندبوونی خۆی بە دیپلۆماسی وەک رێگەیەکی شارستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوتەریب بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی ئێران، پێشان داوە."
ئیسماعیل بەقایی گوتی: "لە هەمان کاتدا دەزانین رێگەی بەردەممان ئاسان نییە. بە چاوێکی کراوە و بە پشتبەستن بە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی رابردوو هەنگاو دەنێین."
گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ـی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ