رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئاگاداری ئەوەن کە رێگەی بەردەمیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئاسان نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، "بە چاوێکی کراوە و بە پشتبەستن بە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی رابردوویان هەنگاو دەنێن."
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025 گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لەنێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئاشتیی بەردەوام لە گفتوگۆی راستگۆیانە لەنێوان گەلان لەدایک دەبێت، نەوەک لە سەپاندنی هێزەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "ئەمڕۆ دووەمین گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە شاری مێژوویی رۆما بە نێوەندگیری سەیید بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بەڕێوە دەچێت."
بەقایی دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە بە نیازپاکی و بەرپرسانەوە پابەندبوونی خۆی بە دیپلۆماسی وەک رێگەیەکی شارستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوتەریب بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی ئێران، پێشان داوە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە هەمان کاتدا دەزانین رێگەی بەردەممان ئاسان نییە. بە چاوێکی کراوە و بە پشتبەستن بە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی رابردوو هەنگاو دەنێین."
رۆژی 18-04-2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ باسی گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد و رایگەیاند، "ئەگەر چی دوودڵیی جیدیمان بەرامبەر نیاز و ئامانجی لایەنی ئەمریکی هەیە، بەڵام لە دانوستاندنەکانی رۆژی شەممەدا جیدی دەبین و بە ویستی تەواوەوە بەشداری دەکەین."
عێراقچی گوتی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ "بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی ئێران" بە تەواوی ئامادەییان هەیە و گوتی، "ئەگەر ویستێکی هاوشێوەش لەلایەنی بەرامبەرەوە هەبێت و داواکاریی نابەجێیان نەبێت، ئەگەری هەیە بگەینە رێککەوتن."
گەڕی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی 12ی نیسان لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ