رووداو دیجیتاڵ
عەلیڕەزا زاکانی، بەربژێریکی دیکەی نەریتخوازان بەمەبەستی ''کۆدەنگیی بەرەی نەریتخوازان'' لە رکابەریی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران کشایەوە.
عەلیڕەزا زاکانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، لە راگەیێندراوێکدا کشانەوەی خۆی لە رکاربەریی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران راگەیاند.
زاکانی رایگەیاند: "تاوەکو کۆتایی کاتی یاسایی رکابەرییەکە مامەوە، بەڵام درێژەدان بە رێبازی شەهید رەئیسی گرنگترە".
داواشی لە سەعید جەلیلی و محەممەدباقر قالیباف، دوو بەربژێری سەرەکیی نەریتخوازان دەکات، یەکبگرن: "داوا لە دوو بەربژێری دیکەی بەرەی شۆڕشگێر، برایانی ئازیزم جەلیلی و قالیباف دەکەم، کار بۆ یەکرێزی و یەکگرتوویی بکەن و داخوازییەکانی هێزە شۆڕشگێرەکانی بێ وەڵام نەهێلنەوە و رێگری لە پێکهێنانی حکومەتی سێیەمی روحانی بگرن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، عەلیڕەزا زاکانی دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی "شانسی بەربژێرانی دیکەی بەرەی نەریتخواز بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک زیاترە"، بریاری کشانەوەی داوە و دەشڵێت: "پشت بە خوا، دوای دەستنیشانکردنی نۆیەمین سەرۆککۆمار، پلان و پێشنیازەکانم بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات بەبێ بچووکترین چاوەڕوانی پێشکەشی دەکەم و بەدواداچوون بۆ بەدیهێنانیان دەکەم."
دوێنێ چوارشەممە، ئەمیرحوسێن قازیزادە، بەربژێریکی دیکەی نەریتخواز لە رکاربەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران کشایەوە.
قازیزادە لە پەیامێکدا رایگەیاند: ''بەمەبەستی پاراستنی یەکگرتوویی بەرەی شۆڕش و لە وەڵامی داواکاریی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای کۆدەنگیی هێزەکانی شۆڕش، هەروەها لەسەر داوای شارەزایانی ئایینی، لە رکابەرییەکە دەکشێمەوە؛ هیوادارم سێ برای دیکەشم لەو ماوەیەدا کە بەدەستەوە ماوە، کۆدەنگ بن بۆ ئەوەی بەرەی شۆڕش بەهێزتر بێت."
کشانەوەی ئەو بەربژێرەی نەریتخوازان لەکاتێکدایە کەمتر لە 24 کاژێر ماوە بۆ بەڕێوەچوونی 14ـەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کە بڕیارە لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی، 28ـی حوزەیران دەستپێبکات.
ئێستا رکابەری بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری، لەنێوان چوار کەسدا ماوە، کە سێیان، سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی نەریتخوازن و مەسعود پزیشکییانیش ریفۆرمخوازە.
ئەگەر سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی بە مەبەستی کۆدەنگیی زیاتری نەریتخوازەکان لەسەر کشانەوەی دوو کەسیان رێکنەکەون، شانسی سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان، تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکان زیاتر دەبێت.
هەر یەک لە محەممەد باقر قالیباف و سەعید جەلیلی کە شانسی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتریان لە نێو نەریتخوازەکاندا هەیە، بە فەرمی رایانگەیاندووە تاوەکو کۆتایی پڕۆسەکە دەمێننەوە و هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوە نییە.
بەپێی دوایین راپرسیی ناوەندی ئیسپا، دەنگەکانی مەسعود پزیشکییان روو لە هەڵکشانە و بە 33.1٪ی دەنگەکان لە پێشەوەیە. لەو راپرسییەدا، سەعید جەلیلی بە 28.8٪ی دەنگەکان لە ریزی دووەم و محەممەدباقر قالیباف بە 19.1٪ دەنگەکان لە پلەی سێیەم دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ