ئەگەری گرانکردنی نرخی بەنزین لە ئێران مشتومڕی نایەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
بەنزینخانەیەکی ئێران.
بەنزینخانەیەکی ئێران.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئەم ساڵ بەکارهێنانی بەنزین بەراورد بە 2019 بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە، "لە کاتێکدا گەشەی دانیشتووان و داهاتی نیشتیمانی زۆر لەوە کەمترە.
 
پزیشکیان دەشڵێت: "ئەمڕۆ خەرجیی بەرهەمهێنانی بەنزین بەبێ هەژمارکردنی نرخی نەوت، کە خەرجییەکانی پاڵاوتنی نەوت، گواستنەوە و وێستگەکان لەخۆ دەگرێت، نزیکەی 8,000 تمەنە. ئەگەر دۆخەکە هەروا بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو بایی 130 تریلیۆن تمەن بەنزین هاوردە دەکرێت." 
 
ئەم لێدوانەی سەرۆککۆماری ئێران بەس بوو، بۆ ئەوەی لە شەقامی ئەو وڵاتە مقۆمقۆ و نیگەرانی لە گرانکردنی نرخی بەنزینی لێبکەوێتەوە.
 
لە ئێران رۆژانە لە نێوان 110 تاوەکوو 112 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دێت و بەکارهێنان لە هەندێک رۆژدا دەگاتە 140 ملیۆن لیتر. حکومەتی ئێران دەڵێت، بەکارهێنانی بەنزین زۆرە و بەناچاری پارەیەکی زۆر بۆ هاوردەکردنی خەرج دەکەن.
 
فەرشاد موئمینی، پسپۆری ئابووری دەڵێت: "لە روانگەیەکی چاکە و خێرخوازانەوە دەڵێم، لەم دوو سێ هەفتەی دواییدا بەرپرسە باڵاکانی تیمی ئابووری حکومەت زیاتر لە 30 کۆبوونەوەیان کردووە، بۆ ئەوەی زەوینە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و بەنزین ئامادە بکەن."
 
دوای زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی ئەگەری زیادکردنی نرخی بەنزین، حکومەت هەوڵی دا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە.
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران باس لەوە دەکات: "چەندین جار جەخت لەوە کراوەتەوە، خەڵک بە بێ ئاگا ناهێلدرێتەوە. ئەگەر مژاری زیادکردنی بەنزین بگاتە سەرئەنجام، مژارەکە لەگەڵ خەڵک دەخرێتە بەر باس و بە بێ ئامادەیی خەڵک نرخی بەنزین زیاد ناکرێت."
 
حکومەتی ئێران مانگانە 60 لیتر بەنزین بە نرخی حکومیی 1500 تمەن دەداتە شۆفێران، هەروەها هەر شۆفێرێک دەتوانێت بڕی 100 لیتر بەنزینی ئازاد بە نرخی 3000 تمەنیش بکڕێت.
 
حکومەت پێیوایە، ئەو نرخانە زۆر هەرزانن و پێویستە بگۆڕدرێن، بەڵام لە دەرئەنجامەکانی بریارێکی لەو شێوەیە نیگەرانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە