رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە دوو رۆژی رابردوودا لە 11 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو لە گەرەک و شەقامە گشتییەکان روویداوە و جیا لە زیانی مادی، دوو کەسیش بێسەروشوێن بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئاداری 2025، کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "لە یەکەم رۆژی نەورۆزەوە تاوەکو کاژێر 12:00ی شەوی دووەمین شەوی نەورۆز، لە 11 پارێزگای ئێران کە پارێزگاکانی ئیسفەهان، ئیلام، بوشێهر، چوارمەحاڵ و بەختیاری، خوزستان، فارس، قەزوین، گیلان، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، لوڕستان و کرماشان لافاو روویداوە و پەنگخواردنەوەی ئاو لە گەرەک و شەقامە گشتییەکانی چەندین شار هەبووە."
مانگی سووری ئێران دەڵێت، تیمەکانی فریاکەوتنی سەر بە مانگی سوور لەو پارێزگایانە هاوکاریی 489 کەسیان کردووە و شوێنی نێشتەجێبوونیان بۆ 150 کەس دابین کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرنشینانی 21 ئۆتۆمبێل کە بەهۆی لافاوەوە لە رێگەکاندا گیریان خواردبوو، لە لایەن تیمەکانی مانگی سوورەوە رزگارکراون. هەروەها تیمەکانیان، 32 یەکەی نیشتەجێبوونیان لە ئاوی لافاو و قوڕ و لیتە پاککردەوە و 16 کەسیان بۆ شوێنی پارێزراو گواستەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی مانگی سووری ئێران، لە لافاوەکەی ناوچەی ئەشکوراتی سەر بە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران، دوو کەس بێسەروشوێنن و پێنج تیمی فریاکەوتنی سەر بە مانگی سوور لەو ناوچەیە خەریکی گەڕانن بەدوای ئەو کەسانەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ