لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجوومەنەکانی کرێکاران لە بڕی زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران ناڕازین

23-03-2025
سینا سۆما
تمەنی ئێرانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
تمەنی ئێرانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چالاکڤانانی کرێکاری و ئەنجوومەنەکانی کرێکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بڕی زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران ناڕازین. ئەوان دەڵێن، حکومەتی ئێران ویستێکی راستەقینەی نییە بۆ باشترکردنی دۆخی کرێکاران.
 
عەبدوڵڵا بەڵواسی، چالاکڤانی کرێکاری لە مەریوان دەڵێت: "بەداخەوە ئابووریی ئێران، ئابوورییەکی ئیفیلج و داڕووخاوە. حکومەت خۆی گەورەترین خاوەنکارە لە ئێران و بۆ ئەوەی خەرجییەکانی کەم بکاتەوە، هەمیشە هەوڵی داوە حەقدەستی کرێکاران زۆر کەمتر بێت لە ئاستی پێداویستیەکانی ژیانیان. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کە سفرەی کرێکاران ساڵ لە دوای ساڵ بچووکتر بێت." 
 
ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران، دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی کرێکاران و خاوەنکاران، رۆژی 15-03-2025 بڕیارید ا حەقدەستی کرێکاران 45٪ زیاد بکرێت.
 
چالاکڤانانی کرێکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، بەهۆی گرانتربوونی بەردەوامی شتومەکەکان، بریارەکە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بژێوی کرێکاران نابێت.
 
عەبدوڵڵا بەڵواسی دەڵێت: "حەقدەستی ئەم ساڵی کرێکاران لە هاویندا، لە هاوینی 1403ی هەتاوی، نزیکەی 130 دۆلار بوو، ئێستا لە رەشەممە و لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵدا کەمبووەتەوە بۆ 75 تاوەکو 80 دۆلار، بەهۆی داڕووخانی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار. ئەگەر ئەو حەقدەستەی ئێستا دیاریکراوە، ئەو 45٪ـە ئەگەر بە نرخی دۆلاری ئەمڕۆ حیساب بکەین، داهاتەکەی دەکاتە 110 تاوەکو 115 دۆلار. واتە ئەگەر هیچ شتێک لە بازاردا گران نەبێت، بەراورد بە پار 10 تاوەکو 15 دۆلار کەمترە."
 
بەپێی بریارە نوێیەکە، کەمترین حەقدەستی کرێکاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 10 ملیۆن و 400 هەزار تمەن دەبێت. 
 
میکائیل سدیقی، سکرتێری ئەنجوومەنی کرێکارانی بیناسازی لە سنە دەڵێت: "ئێمە ئەگەر ئێستا تەنانەت 100٪ تاوەکو 150٪ حەقدەستی کرێکاران زیاد بکرێت، دیسانیش قەرەبووی دواکەوتنی بژێوی ژیانیان ناکات، کەموکورتییەکان چارەسەر ناکات. ئەو هەڵاوسانەی لە نێو بازار دەبینین و ئەو هەڵاوسانەی لە نێو کۆمەڵگەدا دەبینین، 200٪ تاوەکو 300 ٪ـە. خۆمان هەستی پێدەکەین. بێگومان ئەو بڕەی کە بۆ حەقدەست زیاد کراوە، وابزانم 45٪ زیاد کراوە، تاوەکوو دوو مانگی دیکە کاریگەرییەکانی لە ژیانی کرێکاران لەدەستدەدات."
 
چالاکڤانانی کرێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەخنە لە ئەنجوومەنی باڵای کار دەگرن و دەڵێن، کۆبوونەوەکانی بۆ دیاریکردنی حەقدەست شتێکی رووکەشە و پێشتر حکومەت بڕەکەی دیاریکردووە.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی کرێکارانی بیناسازی لە سنە ئاماژە بەوە دەکات: "ئەو کۆبوونەوانەی لە ئەنجوومەنی باڵای کار دەکرێن، بە بڕوای من فۆرمالیتەن. چۆنکە هەر لە سەرەتاوە رێککەوتن کراوە لە نێوان پەرلەمان، وەزارەت کار و خاوەنکاران. دوای ئەوەی خۆیان رێککەوتوون، هاتوون لە ئەنجوومەنی باڵای کار کۆبوونەوە دەکەن کە رەنگە 1٪ تاوەکو 5٪ گوێ لە داواکارییەکانی کرێکاران بگرن. بەڵام چونکە کرێکاران هێزی خۆرێکخستنەوەیان نییە، لە پرسی دیاریکردنی حەقدەستدا، هەمیشە بڕێکی کەمتر لەو هەڵاوسانەی لە بازاردا هەیە، دیاری کراوە."
 
زیادکردنی45٪ی حەقدەستی کرێکاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان سەبەتەی ژیانی خێزانەکان بۆ هەر مانگێک لانیکەم پێویستی 23 ملیۆن و 500 هەزار تمەنە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە