میدیای سوپای پاسداران سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکات

26-03-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییەی ورمێ بڵاوکردووەتەوە و لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاڵای کوردستان بە "ئاڵای ساختەی هەرێمی کوردستان" ناودەبات.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025) ئاژانسی تەسنیمی ئێران، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، لە راپۆرتێكدا باسی رووداوەکانی ورمێ دەکات و بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان دەکات.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بڵاوبوونەوەی بانگەوازێکی بێ بنەما لە چەند لاپەڕەیەکی تۆڕی کۆمەڵاییەتی کوردیدا کە لە ناوەڕاستی مانگی ئادار بڵاوکرایەوە بەشێک لە چالاکڤانانی مەدەنی  کورد و ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن (حیزبەکانی رۆژهەڵات) هەوڵی تێکدانی کەشوهەوای ئارام لە پارێزگای ورمێیان دا."
 
راپۆرتەکەی تەسنیم، باسی ئاهەنگەکەی نەورۆز لە ورمێ دەکات، کە رۆژی رۆژی 18ـی ئادار بەڕێوەچوو.
 
 لە راپۆرتەکەدا هاتووە "کۆمەڵێک خەڵک لە پارێزگای سنە بەشدار بوون. لەنێو ئاهەنگەکە ئاڵای ساختە هەرێمی کوردستان هەڵکرا و، کۆمەڵێک کچ لە شوێنەکە ئامادە بوون کە جلوبەرگیان لەو ئاڵایە دروستکرابوو."
 
هەر لەو راپۆرتەدا میدیاکەی سوپای پاسداران نووسیویێتی، "دوای ئەو مەراسیمە، کۆمەڵێک خەڵکی جوداخواز کە لە وڵاتانی عێراق و تورکیا هاندرابوون لە هەردوولا، واتە ئازەرییەکان و کورد، هەوڵی تێکدان و شێواندنی شارەکەیان دا".
 
دوای ئاهەنگی نەورۆز لە ورمێ، رۆژی شەممە 22ـی ئادار، ژمارەیەک ئازەریی بەشداربووی رێوڕەسمی شینگێڕانی شەهیدبوونی ئیمام عەلی لە ورمێ، دژی کورد درووشمیان دا و وەکو هەڕەشەیەک گۆپاڵیان بەرزکردەوە. 
 
ئەوان لەو دۆخە ناڕازی بوون، کە چالاکڤانانی کورد 18ـی ئەم مانگە دا لە شاری ورمێ، ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆزیان بە بەشداریی دەیان هەزار کەس بەڕێوەبرد.
 
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رۆژی دووشەممە (24ـی ئادار) رایگەیاند 22 کەس کە لە رێوڕەسمی شینگێڕان بۆ ئیمام عەلی، رۆڵی سەرەکییان لە بێڕێزیکردن و ئاژاوەنانەوەدا هەبووە و دەستبەسەرکراون.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک چالاکڤان بەهۆی ئاهەنگی نەورۆزەوە دەستبەسەر کران و بەشێک لەوانە لە شاری ورمێ بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە