سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، پلانەکانی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بە باشی جێبەجێ نەکراون

26-03-2025
سینا سۆما
رووبەری دەریاچەکە بچووکبووەتەوە و ئاوەکەی لە پار کەمترە.
رووبەری دەریاچەکە بچووکبووەتەوە و ئاوەکەی لە پار کەمترە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی کەنارێکی دەریاچەی ورمێ دەکات و بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی تایبەت بە بووژاندنەوەی دەریاچەکە دەکات.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی سەردانەکەیدا رایگەیاند، "هاتووین لە نزیکەوە دۆخەکە ببینین. خەریکی هەڵسەنگاندنین و هەوڵ دەدەین بە سوودوەرگرتن لە تواناکانی مامۆستایانی زانکۆ، توێژەران و پسپۆڕانی نێوخۆ و دەرەوە رێگەیەک بدۆزینەوە. خوداش هاوکار بێت و باران ببارێت، چونکە ئەگەر باران نەبارێت، ناتوانین هیچ شتێک بکەین. 27 رێکار دیاریکراون، بەڵام جێبەجێ نەکراون، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ چی نەکراون؟"
 
حکومەتی ئێران بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لیژنەیەکی پێکهێناوە. یەكێک لە رێکارەکانیش ساڵانە دەگیرێتەبەر، بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانە بۆ نێو دەریاچەکە، کە بۆ ژیاندنەوەی، 3.4 ملیار مەتر سێجا ئاوی پێویستە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ دەڵێت، دۆخی دەریاچەکە لە پار خراپترە و رووبەرەکەی بۆ هەزار و 140 کیلۆمەتر کەمبووەتەوە، قەبارەی ئاوی دەریاچەکەش بۆ ملیارێک و 630 ملیۆن مەترسێجا دابەزیوە، لە کاتێکدا پار لەم کاتەدا رووبەرەکەی هەزار و 790 کیلۆمەتر و قەبارەی ئاوەکەشی دوو ملیار و 340 ملیۆن مەترسێجا بووە.
 
موحسین قاسد، ژینگەپارێزە و باس لەوە دەکات، "لە هەنگاوێکی سەیردا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ، ئەو ئاوەی وەک پشکی دەریاچەی ورمێ لە بەنداوی چەپەرئاوێ بەرداوەتەوە، رێڕەوەکەی گۆڕیوە و لە رێگەی ئەم کەناڵەوە بۆ بەنداوی حەسەنلووی نەغەدە دەگوازێتەوە. ئەو ئاوەی کە دەبوایە بۆ دەریاچەی ورمێ بێت، بەهۆی نەبوونی چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئاراستەکەی بەرەو بەنداوی حەسەنلوو گۆڕدراوە."
 
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا، دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبارەکان، کشتوکاڵکردن لە 600 هەزار هێکتار زەویی رێژاو دەریاچەکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دۆخی ئێستای دەریاچەی ورمێن.
 
تاوەکو ئێستا 27 پڕۆژەی جیاواز بۆ بووژانەوەی دەریاچەی ورمێ جێبەجێ کراون، بەڵام دۆخی دەریاچەکە نەگۆڕاوە و هێشتا مەترسیی وشکبوونەوەی لەسەرە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە