عێراقچی: وەڵامی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا نزیکە لەوەی ئامادەبێت

25-03-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "تاوەکو ئێستا وەڵامی نامەکەی ئەمریکامان نەدواتەوە". 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی دیداری لەگەڵ هاوتا ئەرمەنستانییەکەی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا وەڵامی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکامان نەداوەتەوە، بەڵام وەڵامی نامەکە خەریکە ئامادە دەبێت".
 
عێراقچی گوتی، هەڕەشە، زیادکردنی گوشارەکان و قورسکردنی سزاکان نابنەهۆی ئەوەی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپایی لە گفتوگۆدان.
 
سێ هەفتە لەمەوبەر ترەمپ رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە؛ رۆژی 12-3-2025 نامەکە لە لایەن ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی رادەستی دەست وەزیری دەرەوەی ئێران.
 
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەمە کاتێکی سەرنجڕاکێشە لە مێژووی جیهاندا، بەڵام دۆخێکمان لەگەڵ ئێران هەیە و شتێک زۆر زوو روودەدات، زۆر زۆر زوو".
 
ترەمپ روونی نەکردەوە مەبەستی لەو شتە چییە، بەڵام پێشتر هەڕەشەی لە ئێران کردبوو ئەگەر دانوستاندن سەرنەگرێت، ئەوا بە هێرشی سەربازی کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دێنێت.
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمدا بەکاریهێنا. 
 
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
 
لەم چەند مانگەی دواییدا تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکانی چارەسەر بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە