ئێران: ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیە

23-03-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەی و سزاکانی سەری، ئامادەن دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەن؛ گوتیشی، ''هەموو کات خۆمان لە جەنگ دەپارێزین، بەڵام ئامادەشین بۆی''.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیایەکی ئێرانی کە ئەمڕۆ یەکشەممە 23-03-2025 بڵاوکرایەوە، لەبارەی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ''ناردنی نامە و پەیوەندییەکان بەشێکن لە دیپلۆماسی. بەڵام لە ھەمان کاتدا دەتوانێت بەشێک بێت لە گوشار و ھەڕەشە.''
 
عەباس عێراقچی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە نێوەرۆکی نامەکەی ترەمپ بدات، گوتی: ''هیچ کات ناگوترێت رێگەی دیپلۆماسی کۆتاییھاتووە. چونکە جێگرەوەی دیپلۆماسی جەنگە. بۆیە ھەموو وڵاتان تاوەکو دەکرێت رێگەی دیپلۆماسی لەبەرچاو دەگرن.''
 
" بۆ شەڕ ئامادەین"
 
07ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە یان بە دانوستاندن یان بە شەڕ دەبێت پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران یەکلایی بکرێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: ''هەموو کات خۆمان لە جەنگ پاراستووە، بەڵام ئامادەییمان بۆ جەنگ ھەیە و ترسمان لێی نییە.''
 
بەگوتەی عەباس عێراقچی، سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر دیپلۆماسی و خۆپاراستن لە جەنگ چڕ کراوەتەوە؛ ''مەگەر لە شوێنێکدا جەنگ تەنیا رێگەچارە بێت کە ئەوەش دۆخی تایبەت بە خۆی ھەیە.''
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێک دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردووەتەوە؛ وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''لە گوتەکانی رێبەریدا روونە کە ھیچ ھۆکارێکی لۆژیکی لەم کارەدا نابینن. ئەمە بە دوور لە ژیری دەبینن کە لەکاتێکدا گوشارێکی زۆر ھەیە، بچینە نێو دانوستاندنی راستەوخۆوە.''
 
''ستراتیژیمان دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەمریکا''
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمدا لە دژی بەکاریهێنابوو. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە ساڵی 2015 لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا واژۆ کرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێندرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
 
عەباس عێراقچی پێیوایە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بەوشێوەیە و دەقی پێشوو شیاوی زیندووکردنەوە نییە، ''چونکە دۆخی ئەتۆمیی ئێمە بەراورد بە ئەوکات پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ رێککەوتنەکەی ئەوکات، بەڵام دەتوانێت وەکو بنەمایەک چاوی لێبکرێت.'' 
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن. وەک وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی پێدا، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا رەتناکەنەوە، ''بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئامادەین لەسەر پرسی ئەتۆمی دانوستاندن لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە بکەین.''
 
دوای ناردنی نامەکەی بۆ عەلی خامنەیی، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەمە کاتێکی سەرنجڕاکێشە لە مێژووی جیهاندا، بەڵام دۆخێکمان لەگەڵ ئێران هەیە و شتێک زۆر زوو روودەدات، زۆر زۆر زوو".
 
ترەمپ روونی نەکردەوە مەبەستی لەو شتە چییە، بەڵام پێشتر هەڕەشەی لە ئێران کردووە، کە ئەگەر دانوستاندن سەر نەگرێت، ئەوا بە هێرشی سەربازی کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دێنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە