ئێران لە دوورگە ستراتیجییەکانی کەنداو سیستمی مووشەکی جێگیردەکات

23-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، سوپای پاسداران پەردەی لەسەر سیستمی مووشەکیی نوێ لە سێ دوورگەی ستراتیجیی کەنداو لادا و رایگەیاند، دەتوانن "بنکە، کەشتی و بەرژەوەندییەکانی دووژمن"ـی نزیکیان بکەنە ئامانج.
 
ئەو چەکانە لە دوورگەکانی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبو موسا لە نزیک گەرووی هورمز جێگیرکراون، کە رێڕەوێکی گرنگی کەشتیوانیی جیهانییە.
 
سوپای پاسداران بەم دواییانە مانۆڕی سەربازی لەو ناوچەیە ئەنجام داوە. 
 
راگەیاندنی ئەم چەکە نوێیانە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئێران وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بداتەوە کە داوای دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان دەکات و هۆشداریش دەدات؛ ئەگەر ئەو هەنگاوە سەرنەگرێت، هەنگاوی دیکە بەرامبەر تاران دەگرێتەبەر. 
 
عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران گوتی. پلانیان هەیە کە چەکی زۆر لەو کۆمەڵە دوورگەیە جێگیر بکەن، بە جۆرێک دوورگەکان "بکەینە شوێنی ئۆپەراسیۆن".
 
فەرماندەکە بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند، "ئێمە توانای هێرشکردنە سەر بنکە، کەشتی و بەرژەوەندییەکانی دووژمنمان لە ناوچەکەدا هەیە." 
 
سیستمە نوێیەکان "دەتوانن هەر ئامانجێک لە دووریی 600 کیلۆمەتر بە تەواوی لەنێوببەن".
 
رۆژی هەینی، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هەڕەشەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران "نایانگەیێنێتە هیچ شوێنێک"، هۆشداریشی دا کە "ئەگەر هەر کارێکی شێرپەنجەیی بەرامبەر ئێران بکەن، ئەوا شەقێکی تووندیان بەردەکەوێت".
 
رۆژی پێنجشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، نامەکەی ترەمپی بە "هەڕەشە" ناوبرد، بەڵام رایگەیاند، پێدەچێت دەرفەت پێشکێش بکات و ئاماژەی بەوەدا تاران "لە رۆژانی داهاتوودا" وەڵامی دەداتەوە.
 
لە لێدوانێکدا کە رۆژی هەینی پەخشکرا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکای بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، ترەمپ هەوڵدەدات بە دروستکردنی متمانە لەگەڵ تاران، رێگری لە ململانێی چەکداری لەگەڵ ئێران بکات.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، نامەکەی ترەمپ بەمەبەستی هەڕەشەکردن نەبووە.
 
ئێران لە ساڵی 1971ـەوە سێ دوورگەی کەنداوی کۆنترۆڵ کردووە، سەرەڕای ئەوەی دەیان ساڵە لەگەڵ ئیمارات ناکۆکیان لەسەرە.
 
لە ئەیلولی رابردوودا تەنگسیری رایگەیاند، ئێران توانای بەرگریی خۆی لە دوورگەکاندا "فراوان دەکات".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە