سادق زیباکەلام: ئێران بەردەوام بێت لە رەتکردنەوەی دانوستاندن پێکدانانی سەربازی دروست دەبێت

20-02-2025
پەیمان محەممەد
 سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسی لە بووڵتەنی رۆژهەڵاتی تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر موبەشیرنیا پێسکێشیکرد.
سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسی لە بووڵتەنی رۆژهەڵاتی تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر موبەشیرنیا پێسکێشیکرد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، ئەگەر ئێران پێداگرانە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا رەتبکاتەوە، لەدوای قوڕسترکردنی سزاکان، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی دەکەنە سەر؛ گوتیشی، ''سەرۆککۆماری ئێران بە تەواوی لەگەڵ دانوستاندنە.''
 
رۆژی چوارشەممە 19-02-2024، سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسیی ئێرانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر موبەشیرنیا پێشکێشیکرد، لەبارەی سەردانەکەی شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر بۆ تاران رایگەیاند، ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هەیە، هۆکاری سەرەکیی سەردانەکە، جۆرێک لە دانوستاندن و رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران دەزانم.''
 
میری قەتەر لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ تاران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە. سادق زیباکەلام ئاماژەی بەوەدا، قەتەڕ کە متمانەپێکراوی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلە، ئێستا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان وەکو نێوبژیوانێک دەرکەوتووە.
 
دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 7ـی شوباتی 2025 دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و گوتی، ''هیچ کاریگەرییەکی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا نییە''، بەرپرسانی حکومیش لە تاران بە فەرمی دانوستاندیان رەتکردەوە.
 
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێیوایە، ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ رای گشتی گوتوویەتی کارم بە واشنتن و تەلئەڤیڤ نییە، هەر شتێکیان ویست با بیکەن، ئێمەش تۆڵە دەکەینەوە؛ بەڵام نابێت ئەم سیناریۆیە وەکو رای سەرەکیی ئێران ببینین.''
 
رۆژنامەی واشنتن پۆست، رۆژی پێنجشەممە بە گەڕانەوە بۆ هەواڵگریی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە گوایە ئیسرائیل "لەوانەیە لە شەش مانگی یەکەمی 2025 هەوڵی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنزی ئێران بدات."
 
سادق زیباکەلام دەڵێت: ''پێموایە ئێستا ئێران درکی بەوە کردووە دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ دەوڵەتی نوێی ئەمریکا و ترەمپ بگاتە رێککەوتن.''
 
4ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ دەستپێکردنەوەی سیاسەتی ''ئەوپەڕی گوشار'' لە دژی ئێران واژۆ کرد، بەڵام هیوای خواست پێویست نەبێت بەکاری بێنن. ساڵی 2018ـەش لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، جیا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" دژی ئێران، لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـەش کشایەوە.
 
سادق زیباکەلام گوتی: ''ئەگەر ئێران بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبێت لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن بکات، جێگرەوەکەی دەبێتە قورسترکردنی سزاکان کە دۆخی ئابووریی ئێران زۆر خراپتر دەکات.'' گوتیشی: ''پێموایە لەدوای [قوڕسترکردنی] سزاکان، ئەگەر ئێران دووبارە پێداگر بێت لەسەر رەتکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسرائیل زۆر جیدییە.''
 
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێیوایە، رەتکردنەوەی دانوستاندنەکان لەلایەن ئێرانەوە، لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە، ''چونکە ئەوکات دەتوانێت رەوایی بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران بدات و بڵێت، ئێمە زۆر هەوڵمان دا دانوستاندن بکەین و رێکبکەوین، بەڵام ئەوە ئێران بوو نەیکرد.''
 
سادق زیباکەلام جەختی لەوە کردەوە، پێداگربوون لەسەر رەتکردنەوەی دانوستاندن، ''خراپترین سیناریۆ'' بۆ ئێران دێنێتە ئاراوە، ''ئەوکات ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان وەکو ستەملێکراو دەردەخەن و دەڵێن، ئێران بەهیچ شێوەیەک نایەتە سەر رێگەی راست و دانوستاندن ناکات، ئێمە هیچ رێگەیەکمان نەمابوو جگە لەوەی کە هێرشی بکەینە سەر.''
 
مەسعود پزیشکیان یەکێک لەو کەسانە بوو کە پێشتر هەوڵی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەدا، بەڵام دوای گوتەکانی عەلی خامنەیی، ئەویش بە ئاراستەی دژایەتیی دانوستاندن چوو. سادق زیباکەلام دەڵێت، ''ئێمە نابێت چاوەڕوان بین بەڕێز پزیشکیان پێچەوانەی قسەی رێبەری، شتێک بە رای گشتی رابگەیێنێت، بەڵام پێموایە وەکو خۆی، لەگەڵ رەتکردنەوەی دانوستاندن نییە، بەڵکو پزیشکیان پێچەوانەی لایەنە تووندڕۆکان، بە تەواوی لەگەڵ دانوستاندنە.''
 
ترەمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە: "من رێککەوتنێکی بێ ئەتۆمیم لەگەڵ ئێران دەوێت. ئەمەم پێ باشترە لەوەی بۆردوومان بکرێت،" گوتیشی: "ئەگەر رێککەوتنەکە بکەین، ئیسرائیل بۆمبارانیان ناکات."
 
ئەوە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئێران لە ئەگەری هەر هێڕشێکدا، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە تەلئەڤیڤ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن و دەشڵێن: "ئەگەر 100 [دامەزراوەی ئەتۆمی] وێران بکەن، منداڵانمان هەزاریان دروست دەکەنەوە.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە