رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەخت لەسەر چۆڵکردنی غەززە و گواستنەوەی خەڵکەکەی بۆ میسر و ئوردن دەکاتەوە و دەڵێت، غەززەییەکان باشترە لە شوێنێکی دیکە بژین لەجیاتی ئەوەی لەو "شەڕ و ئاژاوەیەدا" بن.
رۆژی دووشەممە، 27ی کانوونی دووەمی 2025، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و لەبارەی چارەنووسی دانیشتووانی کەرتی غەززە، رایگەیاندووە: "حەز دەکەم ئەوان لە ناوچەیەک بژین، بێ ئەوەی رووبەڕووی شەڕ و ئاژاوە و شۆڕش ببنەوە."
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "تەماشای کەرتی غەززە بکە و بۆ چەندین ساڵە بووەتە دۆزەخ، و هەمیشەش شەڕوئاژاوەی تێدا بووە. رەنگە باشتر بێت خەڵکەکەی ببەیتە شوێنێک کە سەلامەتتر و ئارامتر بێت."
بۆ ئەو پێشنیازە، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شای ئوردن و سەرۆکی میسر قسەی کردووە. ترەمپ گوتی، "وەڵامی ئەو [سیسی]، ئەوە بوو کە دەیەوێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت. منیش حەز دەکەم ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت."
ترەمپ راشیگەیاند سەرکردەکانی میسر و ئوردن "ئەو کارە دەکەن". گوتیشی، "منیش حەز دەکەم، هیواخوازم ئەو [سیسی] هەندێک خەڵک وەربگرێت. ئێمە هاوکاری زۆرمان کردوون، دڵنیام ئەویش هاوکارییمان دەکات، ئەو دۆستی منە و ئەو لە ناوچەیەکی دژواردایە، بەڵام پێموابێت ئەو دەیکات و پێموابێت شای ئوردنیش دەیکات".
لەدوای راگەیاندنی ئەو پلانەی بۆ رۆژنامەڤانان لە رۆژی شەممە، 26ی کانوونی دووەم، هەریەکە لە سەرکردایەتی میسر و ئوردن بە تووندی پێشنیازەکەی ترەمپیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، دەبێت فەلەستینییەکان لە غەززە بمێننەوە.
لە بارەی پرسی دوو دەوڵەت (فەلەستین و ئیسرائیل) پرسیار لە ترەمپ کرا، بەڵام ئەو خۆی لە وەڵامەکە بەدوورگرت و گوتی، ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوتوێ دەکات، کاتێک لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی واشنتن دەکات.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 2ی شوباتی 2025، نەتەنیاهوو سەردانی ئەمریکا بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ