رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ناسراو بە (WHO)، رایدەگەیەنێت لەکاتی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعای پایتەختی یەمەن، ئەو لە نێو فڕۆکەخانەکە بووە و یەکێک لە ستافەکەشی بەهۆی بۆردوومانەکەوە بریندار بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ی کانوونی یەکەمی 2024، تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا، لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەنعا، رایگەیاند، ئەوان ویستوویانە بچنە نێو فڕۆکەکەیانەوە، کاتێک بۆردوومانی فڕۆکەخانەکە کراوە و یەکێک لە ستافی فڕۆکەکەش بریندار بووە.
هەروەها سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای دەکات بێجگە لەو کارمەندەیان، دوو کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراون.
تێدرۆس ئادهانۆم، ئاماژەی بەوە کردووە ئەو لە یەمەن بوون بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو کارمەندانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە چەندین مانگە لەلایەن حووسییەکانەوە بە بارمتە گیراون، هەروەها بەمەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە دۆخی مرۆیی وڵاتەکە ببینێت.
بێجگە لە زیانی گیانی، سەرۆکی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات هێرشەکە زیانی زۆری بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە لەوانەش، ناوەند و تاوەری کۆنترۆلی فڕۆکەخانەکە لەگەڵ فرگەی فڕۆکەخانەنەکە. گوتیشی: "ئێمە تەنیا چەند مەترێک لە فرگەکە دوور بووین کاتێک کرایە ئامانج."
سەرچاوە نێوخۆییەکانی یەمەن ئاشکرایان کردووە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و بەندەری حودەیدیییە، سێ کەس کوژراون زیاتر لە 40 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە هێرشەکانیدا کۆگە و بنکەی سەربازیی حووسییەکانی کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ