رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین هێرشی تووند دەکاتە سەر بزووتنەوەی حەماس و بە "کوڕی سەگ" ناویان دەبات، داواش لە گرووپەکە دەکات بارمتەکان ئازاد بکەن، چەک دابنێن و کەرتی غەززەشیان رادەست بکەن، تاوەکو کۆتایی بە جەنگی غەززە بێت.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی، لە گوتارێکدا لە کەناری رۆژئاوا رایگەیاند حەماس "پاساو"ی داوەتە دەست ئیسرائیل بۆ بەردەوامیی هێرشەکانی بۆسەر غەززە و داوای لە حەماس کرد "سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەن و کۆتایی بە نەهامەتییەکان بهێنن."
ئەوە یەکەمجارە سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی بە ئاشکرا و بەو شێوە تووندە، هێرش بکاتە سەر حەماس لەوکاتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە.
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی دەڵێت "حەماس پاساویان داوەتە دەست داگیرکاری تاوانبار لە کەرەتی غەززە تاوان بکەن، گرنگترینیشیان ئازادنەکردنی بارمتەکانە. کوڕی سەگ تەنیا ئەوانە ئازاد بکەن کە لاتانە و کۆتایی پێ بهێنن، کۆتایی بە پاساوەکانیان بهێنن و رەحم بە ئێمەش بکەن."
مەحموود عەباس، داواشی لە حەماس کرد، کەرتی غەززەیان رادەست بکەن و چەکەکەنیشیان بدەنێ و ببنە پارتێکی سیاسی.
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، وەڵامی مەحموود عەباسی دایەوە و رایگەیاند "زمانێکی زبری بەکارهێناوە و سووکایەتی بە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی خۆی کردووە." گوتیشی: "عەباس بە ئەنقەست و بەشێوەیەکی گوماناوی، تاوانەکانی داگیرکاران و شەڕانگێزییەکانیان دەخاتە ئەستۆی گەلەکەمان."
هەفتەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس پێشنیازێکی ئیسرائیلی بۆ ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە رەتکردەوە، کە بەگوێرەی ئەو پێشنیازە؛ شەش هەفتە ئاگربەست هەبێت بەرامبەر بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی و ئازادکردنی 10 بارمتە لەو 59 بارمتە زیندوو و مردووانەی لای حەماس ماون.
حەماس رایگەیاندووە ئەوان ئامادەن، تەواوی بارمتەکان ئازاد بکەن لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بەڵام رەتیدەکاتەوە چەک دابنێت.
حەماس لەساڵی 2007وە کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی کردووە و بزووتنەوەی فەتح کە بەشێكی زۆری ئەندامەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆکایەتی مەحموود عەباس، پێکدەهێنن کەناری رۆژئاوایان لەژێر دەستە.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، بەرپرسانی دەسەڵاتی فەلەستینی چەندین جار ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە، ئیدارەی کەرتی غەززە لەدوای جەنگ بگرنە ئەستۆ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رەخنەی تووندیان لەلایەن فەلەستینییەکانەوە لێگیراوە بەوەی هەڵوێستێکی تووندیان بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ