prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، شەوی رابردوو 19 کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی خوێناویی ئیسرائیل لە شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر کەرتی غەززە، 19 هاووڵاتی لە نێویاندا ژمارەیەک منداڵ شەهید بوون."
هاوکات ئاژانسی هەواڵی "فەلەستن ئەلیەوم" رۆژی سێشەممە، گیانلەدەستدانی پەیامنێرێک و وێنەگرێکی خۆی راگەیاند، کە رۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر چادرێکی رۆژنامەڤانان لە خان یونس بریندار ببوون.
22 رۆژ لەمەوبەر، ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەستی غەززە هێنا و دەستی بە هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر کەرتەکە کردەوە.
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و تەوەرێکی گفتوگۆکانیان شەڕی غەززە بوو.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە هەوڵدان بگەنە ئاگربەستێکی نوێ.
نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد، دانوستاندنی نوێ دەکرێت بۆ ئەوەی بارمتەی زیاتر لە غەززە ئازادبکرێن.
ئەو گوتی: "ئێستا ئێمە کار لەسەر رێککەوتنێکی نوێ دەکەین کە هیوامان وایە سەربکەوێت. ئێمە پابەندین بە هێنانەدەرەوەی هەموو بارمتەکان."
ترەمپ هەروەها جەختی لە پلانی خۆی بۆ راگواستنی خەڵکی غەززە و دەستبەسەرداگرتنی کەرتەکە کردەوە.
لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە لایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون، دەیان هەزاری دیکەش بریندارکراون و نزیکەی هەموو دانیشتووانی چەندین جار دەربەدەرکراون.
ترەمپ کەرتەکەی بە "زەوییەکی زۆر باشی خانووبەرە" ناوبرد.
ترەمپ یەکەم جار لە کاتی سەردانەکەی مانگی شوباتی نەتەنیاهوو بۆ کۆشکی سپی، ئەو پلانەی ئاشکراکرد.
بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، هەموو دانیشتووانی غەززە دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لە نێویاندا ئوردن و میسر، دواتر ئەمریکا کەرتەکە ئاوەدان دەکاتەوە و دەبێتە خاوەنی.
بەڵام میسر و ئوردن بە تەواوی پلانەکەیان رەتکردەوە و لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی، پلانێکی جێگرەوەی هاوبەشیان خستووەتەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ