رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لەگەڵ ئەمریکا کۆکن کە "نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامی نەبوو، ئەوا بژاردەی سەربازی دێتەپێش.
رۆژی سێشەممە، 0ـیی نیسانی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە رۆژێک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو رێگەی هەیە؛ رێککەوتن یان لە رێگەی سەربازییەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هەر رێککەوتنێکی قبووڵکراو، دەبێت هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2003ـی لیبیا بێت، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتەیان لەنێوبرد یان بردیانە دەرەوە.
نەتەنیاهوو گوتی: "ئێمە دەچین، وێستگەکان دەتەقێنینەوە و سەرجەم کەلوپەلەکانیش لەنێودەبەین، ئەوەش بە چاودێریی ئەمریکا و بە جێبەجێکردنی لە لایەن ئەمریکاوە، ئەمە سیناریۆ گونجاوەکەیە. بژاردەی دووەم کە خوازیاری نین ئەوەیە گفتوگۆکان درێژەبکێشن و هیچ بەرهەمیان نەبێت؛ ئەو کات بژاردەی سەربازی بە تاکە بژاردە دەمێنێتەوە."
هەرچی لەبارەی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و تورکیایە لەبارەی سووریا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد ئەنقەرە بەنیازە بنکەی سەربازی لە سووریا دابنێت و گوتی: "ئەوە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات. هەربۆیە دژی ئەو هەنگاوەین و دژیشی کاردەکەین. بە سەرۆک ترەمپم راگەیاند، کە دۆستی من و ئەدرۆغانیشە، ئەگەر پێویستم بە هاوکاری بوو، لەگەڵی قسە دەکەینەوە."
لەبارەی جەنگی غەززەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ لەسەر ئەو پرسە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: "سوورین لەسەر ئەوەی حەماس لەنێوبەرین؛ لەهەمان کاتیشدا پابەندین بەوەی سەرجەم بارمتەکان بگەڕێنینەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا گوتی: "سەردانێکی زۆر باش بوو، سەردانێکی گەرموگوڕ بوو، هەندێک شتی دیکەش ماوە، دواتر دەیانبیستن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ