رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە باشووری وڵاتەکە بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک. سوپای ئیسرائیل لە بەرامبەردا رایگەیاند، "تیرۆریستێکیان" کوشتووە کە فەرماندەی حیزبوڵڵا بوو.
رۆژی دووشەممە، 07-04-2025، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند: "ئیسرائیلی دووژمن بۆردوومانی شارۆچکەی تەیبەی نزیک سنووری کرد و هاووڵاتییەکی کوشت."
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان "تیرۆریستێک"ـیان کوشتووە کە فەرماندەی تۆپهاوێژیی حیزبوڵڵا بووە لە ناوچەکە.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "ئەو فەرماندەیە سەرپەرشتیی چەندین هێرشی بۆ سەر ناوچەی جەلیلی سەروو کردووە."
ئاژانسی هەواڵیی نیشتمانیی لوبنان کە میدیای فەرمییە رایگەیاند، بەردەم دووکانێکی چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل لە شاری مەرجەعیون لە باشووری لوبنان بۆردوومان کراوە.
دوای ئەوەی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 27ـی تشرینی دووەم ئاگربەستیان راگەیاند و شەڕی ساڵێکی نێوانیان وەستا، ئیسرائیل دووبارە دەستی بە هێرش و بۆردوومانەکانی لوبنان، بەتایبەت بۆ سەر باشووری وڵاتەکە کردووەتەوە.
دوێنێ یەکشەممە لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل لە بۆردوومانێک دوو کەسی لە ناوچەی زیبقین لە باشووری وڵاتەکە کوشتووە و ئیسرائیلیش گوتی، ئەو دوو کەسە "تیرۆریست"ـی سەر بە حیزبوڵڵا بوون.
میدیای لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل لە ناوچەی ناقورە چەند ماڵێکی کردووەتە ئامانج.
ئاگربەستەکەی لوبنان کە لە بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو، داوای کردبوو سوپای لوبنان و ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری وڵاتەکە بن و هیچ هێز و چەکدارێکی دیکەی لێ نەبن.
هەفتەی پێشوو مۆرگن ئۆرتەیگەس، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەردانی لوبنانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ باسی دۆخە هەنووکەییەکانی کرد.
ئۆرتەیگەس لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای لوبنانی گوتی، واشنتن بەردەوام گوشار لە بەیرووت دەکات، "بە زووترین کات ئامانجی راگرتنی جەنگ و گرژییەکان بەدیبهێنێت و حیزبوڵڵا و هەموو میلیشیاکان لە چەک دابماڵێت."
رۆژی دووشەممە جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان گوتی: "پێویستە ئەم پرسە لە رێگەی پەیوەندی و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت، چونکە لە کۆتاییدا حیزبوڵڵا پێکهاتەیەکی لوبنانییە."
عەون گوتی: "بەم زووانە بەرپرسان کار لەسەر تەواوکردنی رەشنووسی ستراتیژییەکی ئەمنیی نیشتمانی دەکەن."
بە گوێرەی ئاگربەستەکە، دەبوو حیزبوڵڵا بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێتەوە و ئیسرائیلیش لە باشووری وڵاتەکە دەربچێت.
ئیسرائیل بڕیاری نەکشانەوەی دا و گوتی لە پێنج خاڵی "ستراتیژی" سەربازەکانی دەهێڵێتەوە.
عەون ئەمڕۆ داوای لە واشنتن کرد گوشار لە ئیسرائیل بکەن و بە کشانەوە رازی بکەن، "چونکە بوونی ئەوان لە باشوور دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ