رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، سەرۆکی کاتیی سووریا رۆژی چوارشەممە 9ی ئەم مانگە، بە مەبەستی بەشداریی لە ''کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا'' سەردانی تورکیا دەکات.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 7ی نیسانی 2025 دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 9ی ئەم مانگە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا سەردانی تورکیا دەکات و رۆژی هەینی، 11ی مانگ بەشداری لە ''کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا'' دەکات.
''کوڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا'' لە رۆژانی 11، 12 و 13ی ئەم مانگە لە ئانتاڵیای تورکیا بەڕێوەدەچێت. نوێنەر و سەرۆکی چەندین وڵاتانی جیهان بەشداری دەکەن و لە کۆڕبەندەکەدا چەند پرسێکی جیهانی تاوتوێدەکرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رۆژی سێشەممە، 4ی شوباتی 2025 سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
رۆژی یەکشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. رۆژی 29-01-2025 شەرع بە سەرۆکی کاتیی سووریا دەستنیشانکرا.
رۆژی شەممە، 30ی ئاداری ئەم ساڵ، لە سووریا کابینەیەکی 23 وەزیری بەبێ سەرۆکوەزیران راگەیێندرا.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە 13ی ئاداری ئەم ساڵ، دەستووری کاتیی سووریا راگەیێندرا و دەستوورەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێدەکرێت، کە تێیدا زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی و ناوی وڵاتەکەش بە کۆماری عەرەبیی سووریا هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ