رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی هێرشی حووسییەکانەوە، سێ لەسەر چواری کەشتییە ئەمریکییەکان خۆیان لە دەریای سوور بەدوور دەگرن و بە دەوری باشووری کیشوەری ئەفریقا گەشت دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 23-03-2025 مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی: "75٪ـی ئەو کەشتیانەی ئاڵای ئەمریکایان بەسەرەوەیە، بە کەناڵی سوێزدا تێناپەڕن و دەچنە کەناراوی باشووری ئەفریقا."
واڵتز گوتی: "جارێکیان کەشتییەکی جەنگیمان بەوێدا تێپەڕی، 23 جار هێرشی کرایەسەر."
بە گوێرەی کۆمپانیای LSEGـی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەشتییەکان، کاتێک کەشتییەک پەنا دەباتە بەر ئەو کەناراوەی ئەفریقا، بۆ ئەوەی لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا بێت و بچێت؛ کاتەکەی دوو هێندە دەبێت و نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاریش تێچووەکەی زیاد دەکات.
واڵتز لە پەسنی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان، کە لەوکاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە، یەکەمجار بوو گوتی: "هێرشەکان سەرکردەی گرنگیی حووسییەکانی کوشتوون، لەوانەش سەرۆکی پرۆگرامی مووشەکییان."
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "لە بارەگای سەرەکیمان دان، لە ناوەندەکانی گەیاندن و کارگەکانی چەکیان، تەنانەت هێرشمان کردە سەر بەشێک لە دامەرزوەکانی بەرهەمهێنانی درۆن."
حووسییەکان دەڵێن، هێرشکردنیان بۆ سەر دەریای سوور وەک هاوسۆزییەکە بۆ فەلەستنییەکان و غەززە کە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدان. بە گوێرەی حووسییەکان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 50 کەس.
رۆژی سێشەممە، بزووتنەوە یەمەنییەکە لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەرە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس هاری تروومانی ئەمریکی، کە لە باکووری دەریای سوورە.
واڵتز رەخنەی لە ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن گرت و گوتی: "ئەوان هەر هێرشی سەرە دەرزییان [زۆر بچووکیان] کردووەتە سەر حووسییەکان و رێگەیان داوە، یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان پەکی بکەوێت."
واڵتز گوتی، ئیدارەی ترەمپ و خودی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریانداوە "شتێکی زۆر قورستر و سەختتر بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ